رووماڵ

ئوردن و سعودییە: ئاسمانی ئێمە بۆ هێرش کردنە سەر ئێران بەکار نەهێنراوە

دیمەنی تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای بیستنی دەنگی چەند تەقینەوەیەک. وێنە: AFP
دیمەنی تارانی پایتەختی کۆماری ئیسلامیی ئێران دوای بیستنی دەنگی چەند تەقینەوەیەک. وێنە: AFP

ئوردن و سعودییە ڕایانگەیاند، ئاسمانی وڵاتیان لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ هێرش کردنە سەر ئێران بەکار نەهێنراوە و هیچ فڕۆکەیەکی سەربازیی ڕێگەی پێنەدراوە ئاسمانی ئەم دوو وڵاتە ببەزێنێت.

ئەمڕۆ شەممە 26ـی تشرینی یەکەمی 2024، ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی سوپای ئوردن ئاشکرای کردووە، هێزی ئاسمانی شاهانەی وڵاتەکە چاودێری دۆخەکە دەکات و ئامادەیە نیشتمان بپارێزێت. هەروەها ئاماژەی بەوە دا، هیچ فڕۆکەیەکی سەربازیی ئیسرائیل ڕێگەی پێنەدراوە ئاسمانی ئوردن ببەزێنێت.

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی سعودییە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕایگەیاندووە، کە ئاسمانی وڵاتەکەی لە کاتی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەکار نەهێنراوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ، سوپای ئیسرائیل بە زیاتر لە 100 فڕۆکە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر ئێران، ئەمەش وەک تۆڵەکردنەوەی هێرشە بەرفراوانەکەی ئێران بوو کە بە مووشەکی بالیستیکی لە 1ـی ئۆکتۆبەردا هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.

وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، هێرشەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە، "به پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان زانیوە." ئاماژەی بەوەش کرد "ئێران مافی بەرگرییکردنی لە خۆی هەیە لە دوای ئەو لێدانەی ئیسرائیل."

هەروەها عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە دیمانەیەکی تایبەتی پێگەی ڕابەری کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاندووە، بەرگریی لە خۆمان و بەرەی موقاوەمە دەکەین. دەشڵێت: چوار کەس بەهۆی هێرشەکەی ئیسرائیلەوە کوژران، هەروەها بۆ پاراستنی یەکپارچەیی خاکی وڵات هیچ سنوورێکیان نییە .

چەند وڵاتێکی عەرەبی سەرکۆنەی هێرشەکەی ئیسرائیلیان بۆ سەر ئێران کرد

قەتەر هێرشی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران بە توندی سەرکۆنە کرد و ڕایگەیاند، کە بە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەری وڵات و پێشێلکردنی بنەماکانی یاسا نێودەوڵەتییەکانی دەزانێت.

وەزارەتی دەرەوەی سعودییە لە پلافۆڕمی ئێکس (توویتەری پێشوو)، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، شانشینی سعودییه سەرکۆنەکردنی خۆی بۆ به ئامانجگرتنی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕادەگەیەنێت. هاوکات دەڵێت: هێرشەکەی ئیسرائیل پێشێلکردنی سەروەرییەکانی وڵات و یاسا نێودەوڵەتییەکانە.

لە لایەکەی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی ئیماران، لە ڕاگەیەندراوێکدا بە توندی سەرکۆنەی هێرشەکەی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران کرد و گوتی: نیگەرانی قووڵی خۆمان لە بەردەوامی پەرەسەندنی گرژییەکان و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە دەدەبڕین.

لە بەرانبەردا عومان ڕایگەیاند، بۆردومانی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران سەرکۆنە دەکەم و ئەو هێرشە بەردەوامیدانە بە گرژی و ئاڵۆزییەکان، کە هەوڵەکان بۆ پرۆسەی بەرپاکردنی ئاشتی و ئاساییبوونەوەی دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێک دەدات.

هاوکات داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە کۆتایی بەم پێشێلکارییە ئاشکرایانە بهێنێت بۆ سەر خاکی وڵاتانی دراوسێ.

لای خۆیەوە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق سەرکۆنەی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر ئێران دەکات و دەڵێت: "هێرشەکەی ئیسرائیل، پێشێلکردنی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەریی دەوڵەت و تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەیە."

هەروەها داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەستۆ بگرێت و هەنگاوی بەپەلە بگرێتەبەر بۆ کۆتاییهێنان بەم هێرشانە و ڕێگریی لە فراوانبوونی بازنەی ململانێکان."

جەختیشی کردەوە "هەڵوێستی عێراق نەگۆڕە، پەرەسەندنی ئالۆزیەکان ڕەت دەکاتەوە، هەروەها پاڵپشتیی لەفەڵەستینییەکان دەکات لە بەدەستهێنانی مافە ڕەواکانیان و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان، پێوستە کۆتایی بەو شەڕە لە غەززە و لوبنان بهێنرێت و چارەسەرێک بۆ ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە بدۆزرێتەوە.