باڵیۆزی نوێی ئیسپانیا لە عێراق پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردن لە سەرۆکی حکوومەت دەکات

دووشەممە، 28ـی ئۆکتۆبەری 2024، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، "مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ئەلیسیا ڕیکۆ پێرێز دێل پولگار، باڵیۆزی نوێی شانشینی ئیسپانیا لە عێراق کرد."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "سەرۆکی حکوومەت وێڕای پیرۆزبایی و هیوای سەرکەوتن بۆ باڵیۆز، سوپاسیی هاریکاری و پشتیوانیی ئیسپانیای کرد لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی تیرۆریستانی داعش."
لای خۆیەوە، باڵیۆزی ئیسپانیا، "جەختی لە برەودان بە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە. هەروەها پیرۆزباییشی لە سەرۆکی حکوومەت کرد، بە بۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان."

لە دیدارەکەدا گرنگیی چارەکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور و ڕێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.