سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پشتیوانیی و هاریکارییەکانی ئەڵمانیا بۆ هێزی پێشمەرگە دەکات

چوارشەممە، 30ـی ئۆکتۆبەری 2024، بەپێی ڕاگەیەندراوێکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی له شاندێکی ئەڵمانی بەسەرۆکایەتی پەرلەمانتار سیمتیێ میولەر، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا کرد.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە؛ لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە و پێشکەوتنەکانی پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و بارودۆخی ئەمنیی و سەربازیی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا .
لای خۆیەوە سەرۆکی حکوومەت سوپاسی پشتیوانیی و هاریکاریی ئەڵمانیای بۆ هێزی پێشمەرگە کرد، هەروەها پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ بڕیاری حکوومەت و پەرلەمانی ئەڵمانیا دەربڕی بۆ درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزەکانیان لە هەرێمی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکە هاتووە؛ هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا.
دوایین پەرەسەندنەکانی دۆخی ئاڵۆزی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.
