لێبوردنی نێودەوڵەتی: دەستدرێژی سێکسی دەکرێتە سەر دانیشتووانی کەمپی جدعە لە عێراق

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە لێکۆڵینەوەیەکی درێژدا بڵاوی کردووەتەوە؛ ئەو عێراقییانەی لە کەمپی هۆل گوازراونەتەوە بۆ کەمپی جدعە، تووشی ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ و بێسەروشوێنکردن و دەستدرێژی سێکسی بوونەتەوە. 

ڕێکخراوەکە باس لەوە دەکات کە دۆسیەی هەشت کەسیان بە بەڵگە کردووە کە حەوت پیاو و ژنێکی تێدایە، لە ساڵی 2023 و 2024 لە کەمپی جدعەدا کە بە "کەمپی جدعە ١یەک ناسراوە" ڕاگیراون، حەوت کەسیان ڕووبەڕووی ئەشکەنجە بوونەتەوە، لە جۆرەکانی مامەڵەی خراپ، وەک لێدان و تەزووی کارەبا، بە زۆر نوقمبوون لە ئاو یان داپۆشینی سەریان بە کیسی نایلۆن بەجۆرێک کە هەناسەیان نەمێنێت، لەگەڵ دەستدرێژی سێکسی، ئەندامانی خێزانەکانیان دەڵێن؛ نیشانەی ئازار و بریندارکردن و ئەشکەنجەدان لەسەر جەستەیان دیارە وەک؛ پەنجە شکاو و شکانی شان.

کەمپی جدعە دەکەوێتە شارەدێی گەیارەی سەربە پارێزگای نەینەوا، کە تایبەتە بەو خێزانانەی داعش کە لە کەمپی هۆل گەڕێنراونەتەوە، لە کۆی 18 هەزار عێراقی لە کەمپی هۆل تاکو ئێستە، نۆ هەزار و 500 کەسییان گەڕێنراونەتەوە کەمپی جدعە.

ئەنیس کالامارد، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند: پێویستە دەسەڵاتدارانی عێراق هەنگاوی بەپەلە بنێن بۆ کۆتاییهێنان بە بەکارهێنانی ئەشکەنجە و جۆرەکانی دیکەی مامەڵەی خراپ.

تا مانگی ئەیلوولی 2024، کەمپی جدعە دوو هەزار و 223 کەسی تێدابوو، کە هەزار و 318 منداڵ و 627 ژن و 278 پیاون، ئەوەش بەپێی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، بە پاڵپشتی چەند وەزارەتێکی دیکەی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان–لەوانەش ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچکردن، یونیسێف، و کۆمیساری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان، UNFPA، WHO، WFP، ڕێکخراوە ناحکوومییە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان.

لە ساڵی 2021وە هێزە ئەمنییەکانی عێراق، نزیکەی 80 کەسیان لە کەمپی جدعە بە تۆمەتی سەر بە داعش کە زۆرینەی ڕەهای پیاون دەستگیرکردووە و هەروەها ژن و منداڵیش دەستگیرکراون.

 
 
Fly Erbil Advertisment