ئاری ئەحمەد: هەموو ئامادەکارییەک بۆ ئەگەری لافاو کراوە

ئاری ئەحمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ
ئاری ئەحمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ

بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: هەموو ئامادەکارییەکان بەر لە وەرزی بارین و زستان کردووە لە خاوێن کردنەوەی ئاوەڕۆ و ڕێڕەوە ئاوییەکان.

چوارشەممە 30ـی تشرینی یەکەمی 2024. ئاری ئەحمەد قادر، بەڕێوەبەری گشتی ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەر لە وەرزی بارین و زستان، تەواوی ئاوەڕۆ و ڕێڕەوە ئاوەکانیان لە شار و شارۆچکەکان لەڕێگەی فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکان خاوێن کردووەتەوە بۆ ئەوەی مەترسییەکانی دروست بوونی لافاو کەم بکەنەوە سەرباری ئەو پرۆژانەی جێبەجێکراون لەماوەی ڕابردوودا.

بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ ڕایگەیاند: تەواوی دامەزراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ئامادەباشی تەواو دان بۆ ئەگەری دروستبوونی لافاو.

لە لایەکی دیکەوە، بەرگریی شارستانی هەولێر چەند ڕێنماییەکی بۆ هاووڵاتییان بڵاو کردووەتەوە بۆ ئەوەی خۆیان لە لافاو بپارێزن لە ئەگەری ڕوودانی، لەوانەش پاککردنەوەی کانیاو و ئاوەڕۆکان، هاوکات دوور بکەونەوە لە چوونەدەرەوەیەک کە زۆر پێویست نەبێت، دەشڵێت: بە ئۆتۆمبێل بەناو لافاودا مەڕۆن، لە هێڵەکانی کارەباش دوور بکەونەوە، ئاماژەی بەوە کردووە کە، ئەگەر لە ناوچەیەکدا دەژین  مەترسی هەیە لافاوی لێ دروست بێت، پلانی چۆڵکردنیان بەر لە لافاوەکە هەبێت.