ئەمڕۆ سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق هەڵدەبژێردرێت

پێنجشەممە، 31ـی ئۆکتۆبەری 2024، بڕیارە ئەمڕۆ کاتژمێر 1:00 پەرلەمانی عێراق کۆ ببێتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكێکی نوێ، گفتوگۆی چڕ لەنێوان لایەنە سوننەكان هەیە و شیعەكانیش كۆتا دەرفەتیان بە سوننەكان دراوە، بۆ ئەوەی تاکوو پێش کۆبوونەوە خۆیان یەکلایی بکەنەوە.
مەحموود مەشهەدانی و سالم عیساویی، كاندیدن بۆ سەرۆکی پەرلەمان، هەرچەندە هیچیان لەلایەن سوننەكانەوە پشتگیریی ناکرێن و گرەو لەسەر دەنگی پەرلەمانتاران دەكەن، بەڵام چاوەڕوان ناكرێ كۆبوونەوە بەئاسانی تێپەڕێت.
لەگەڵ ئەوەش دا، مەحموود مەشهەدانی، كە كاندیدە، لەلایەن محەمەد حەلبووسی و نووریی مالیكی پاڵپشتی دەكرێ.
لای خۆیەوە موسەننا سامەرایی، سەرۆكی هاوپەیمانیی عەزم ئاماژەی بەوە كرد "لایەنە شیعەكان دەستیان لە لاوازكردنی سوننەكان هەیە، بۆ ئەوەی ئەو پێگەیە بکەوێتە ژێر دەستی شیعەکان خۆیان."
ئەمەش لە کاتێکدایە لە ڕۆژی 14ـی 11ـی 2023، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دەرکرد.
دوای هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتی حەلبووسی لە پەرلەمانی عێراق، موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، وەک سەرۆکی پەرلەمان بە وەکالەت پۆستەکە بەڕێوە دەبات تا کاتی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ.
سوننەکان تا ئێستا چەندین کۆبوونەوەیان کردووە بۆ پڕکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بەڵام نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ دیاریکردنی جێگرەوەی حەلبووسی.
بەگوێرەی زانیاریی مێدیا عێراقییەکان "محەممەد حەلبووسی بەتۆمەتی گەندەڵی و ساختەکاری لە پۆستەکەی دوور خراوەتەوە."
محەممەد حەلبووسی، لە ساڵی 2018ـەوە سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە؛ هاوکات سەرۆکی حیزبی تەقەدوومە. پێشتر و بەر لەوەی ببێتە سەرۆکی پەرلەمان، لە 29ی ئابی 2017، ئەنجوومەنی پارێزگای ئەنبار، بە زۆرینەی دەنگ حەلبووسی بە پارێزگار هەڵبژارد.