ئامادەکاریی بۆ شەپۆلێکی بەخوڕی باران دەکرێت
ژووری ئۆپەراسیۆنەکان کە لە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ڕێکخراوەکان، ئامادەکاریی پێویست بۆ ئەو شەپۆڵە بارانە دەکەن کە ئەگەری هەیە لە ئەمشەوە بەهێواشی دەست پێ بکات و ڕۆژانی دواتر بەخوڕ ببارێت و مەترسی لافاو دروست بکات.
پێنجشەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2024، کۆبوونەوەی حەوتەمی ژووری ئۆپەراسیۆنی تایبەت بەئامادەکاری و دانانی پلانی وەڵامدانەوە بۆ شەپۆڵێکی بارانبارین کەڕوو لەهەرێمی کوردستان دەکات ئەنجامدرا.
سروە ڕەسوڵ، بەڕێوبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان سوپاسی ڕۆڵی کارای ئەندامانی ژووری ئۆپەراسیۆنی کرد لەوەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ هەماهەنگیان لە قەیرانەکان.
کۆبوونەوەکە کە بە ئامادەبوونی نوێنەری وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان و دەزگای خێرخوازی بارزانی و تەواوی بەڕێوبەرانی بەڕێوبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەڕێوەچوو.
تێیدا باس لە خۆ ئامادەکردن بۆ وەرزی زستان و دانانی پلانێکی تۆکمە بۆ هاتنی شەپۆڵی باران بارین کرا کە پێنجشەممە دەستپێدەکات و شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە شەپۆلەکە چڕتر دەبێتەوە، تاوەکو ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە مەترسی کۆبوونەوەی ئاوی لێدەکرێت بەهۆی دابارینی زۆر لەماوەیەکی کورتدا، بۆ ئەم مەبەستە تەواوی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان ئامادەیی خۆیان و ڕێکارەکانی کەگرتوویانەتە بەر لەکۆبوونەوەکەدا خرانە ڕوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، بەڕێوەبەری گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، وردەکاری تەواوی تایبەت بە هاتنی وەرزی زستان و دەستپێکی شەپۆلی سەرمای خستەڕوو بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو. تیشکی خستەسەر گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوای ئەمساڵ و لێکەوتە بەرچاوەکانی لە هەرێمی کوردستان، ڕاشیگەیاند: شەپۆڵێکی باران بارین بەڕێوەیە کە لە ئێوارەی ئەمڕۆوە دەستپێدەکات، بەشێوەیەکی نمە باران دەبێت، پێشبینی 5 ملم بۆ ٦ ملیم باران بارین دەکرێت، تاوەکو درەنگانی ڕۆژی شەممە، پاشان شەپۆلەکە چڕتر دەبێتەوە تاوکو ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە، بۆیە ئامادەکاریی تەواوی دەوێت، دواتر شەپۆڵی بارانەکە تا ڕۆژی سێشەممە بەردەوام دەبێت، دیسانەوە بەهۆی گۆڕانکارییە خێراکانی کەش و هەوا، پێشبینی دەکرێت شەپۆلی بارانەکە هەورەتریشقەی بەهێزی لەگەڵدا بێت و بارانەکە بەخوڕ لەماوەیەکی کورت دابارێت و کۆبوونەوەی ئاو لەڕۆژی شەممە تاوەکو ئێوارەی یەکشەممە ئەگەری ڕوودانی هەیە و ئامادەکاری تەواوی دەوێت.
لە کۆبوونەوەکەدا تەواوی ئامادەبووان ڕا و پێشینازی خۆیان خستەڕوو، هاوکات تەواوی بەڕێوەبەرانی ناوەند لەپارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان باسی بارودۆخی پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆکان و ئامادەکاریەکانیان و ئەو ڕێکارانەی گرتوویانەتە بەر لەماوەی ڕابردوودا باسیان،لێوەکرا.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا،بڕیاردرا هەڵمەتێکی هۆشیاری و ئاگادارکردنەوە دەستپێبکرێت بۆ ڕێنمایی کردنی هاونیشتیمانییان لە چۆنیەتی خۆپاراستن لە هەورە تریشقە، لەگەڵ چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخەکە، لەگەڵ ئەوەشدا هاوڵاتیان بەبەردەوامی ئاگەدار بکرێنەوە لەهاتنی ئەو جۆرە شەپۆڵانە و پلانێکی تۆکمە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی لە هەر ئەگەرێکی نەخوازراو.
کۆبوونەوەکە ئاماژەی بەوەشکرد، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ، هاووڵاتیان ئاگادار دەکرێنەوە، کە لە پۆند و بەنداوەکان نزیک نەبنەوە، لەئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لەو ناوچانە و بەهۆی دابارینی ڕێژەیەکی زۆر باران بارین و داماڵین، پێویستە هاوڵاتیان گەشت بۆ چیاکانیش نەکەن لەو چەند ڕۆژەدا.