کەشناسی عێراق هۆشداری لە ڕوودانی لافاو و بارانی بەخوڕ دەدات
ئەمڕۆ هەینی، دەستەی کەشناسی عێراق هۆشدارییەکی بڵاوکردەوە و داوای لە هاووڵاتیان کردووە، لەو ناوچانە دوور بکەونەوە کە لافاویان لێ ڕوودەدات، بەتایبەتی ئەو ناوچانەی نزیک سنووری ڕۆژهەڵاتن.
ئەمڕۆ هەینی، 1-11-2024، دەستەی کەشناسی عێراق ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا هاتووە، پێشبینی دەکرێت "عێراق لە ڕۆژانی هەینی و شەممە و یەکشەممە 1-11 تاوەکوو 3-11-2024، بەهۆی دۆخی ناجێگیری کەشوهەواوە، بارانبارین و هەورە تریشقە لە ناوچە جیاوازەکاندا ڕووبدات"، دەشڵێت: "بۆ ئەمڕۆ هەینی باران زیاتر لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوور دەبارێت و لە ناوچەکانی باکوور کەمتر دەبارێت".
دەستەی کەشناسی ئاماژەی بەوەش کرد، "ڕۆژانی شەممە و یەکشەممەی داهاتوو، بارانی بەخوڕ ناوچەکانی باکوور دەبارێت، هەروەها لە بەشێک لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووریش بارانی بەخوڕ دەبارێت کە ڕەشەباشی لەگەڵدایە"، هەروەها دەستەی کەشناسی هۆشداری دا "لە ڕوودانی لافاو لە هەندێک ناوچە، بەتایبەتی ناوچەکان بەشی ڕۆژهەڵاتی عێراق"، بەوهۆیەوە داوا لەهاووڵاتیان دەکات لەو ناوچانە دوور بکەونەوە.
دەستەی کەشناسی جەختیشی کردەوە، "پلەکانی گەرما ڕوو لە نزمبوونەوە دەکەن".