کورد و تورکمان: چارەنووسی کەرکووک لە مەترسیدایە
تا چاو بڕکات عەرەبی هاوردە لە گەڕەکی زێدەڕۆ نیشتەجێکراون
هەنگاوەکانی ژمارەدانان و گەمارۆسازی بۆ پرۆسەی سەرژمێری گشتیی لە کەرکووک بەردەوامە، لایەنە سیاسیەکانی کورد و تورکمان داوای ڕاگڕتنی پرۆسەکە دەکەن و دەڵێن: لەم دۆخەدا کە تەعریبێکی زۆر کراوە، سەرژمێری گشتیی تەنیا بە دڵی پێکهاتەیەک دەبێت".
پەیامنێری کوردستان24 چووەتە گەڕەکێکی زێدەڕۆ کە بەم دوایانە لە ناو شاری کەرکووک دروستکراوە و تاچاو بڕ کات خانووی زیادەرۆییە، زۆرینەی دانیشتوانەکەشی لە پێکهاتەی عەرەبی خەڵکی شارەکانی تکریت و دیالە و شارەکانی دیکەی عێراقن، لە کەرکووک نیشتەجێکراون و فۆرمی خۆراکیشیان بۆ گوازراوەتەوە.
ژنێکی عەرەب لەبەردەم ماڵە زێدەڕۆییەکەوە قسە بۆ کوردستان24 دەکات و دەڵێ"خەڵکی خەویجەم، لەشەڕی داعش خانووەکەمان ڕووخاوە و هاتووینەتە ئێرە"، ئەمە لە کاتێکدایە کە شارۆچکەی حەویجە لە سەرەتای تشرینی یەکەمی 2017ـەوە لە داعش پاککراوەتەوە.
دوای 2005 و جێگیرکردنی ماددەی 140 لە دەستووری عێراق بۆ یەکلایی کردنەوەی چارەنووسی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بەڵام حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق بەردەوام و هەر جارەی بە پاساوێک نەچوونە ژێرباری جێبەجێکردنی ماددەکە، کە سێ قۆناغی ئاساییکردنەوە، قەرەبووکردنەوە و ڕاپرسی لەخۆ دەگرێت.
لە دوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017 و هاتنی ژمارەیەکی زۆری خێزانی عەرەبی ناوچەکانی دیکە، ئێستا کەرکووک بەم دۆخەی هەیەتی بە جێبەجێکردنی سەرژمێری گشتی لەبەردەم مەترسییەکی دیکەدایە کە دیمۆگرافیای شارکە بە یەکجاری بگۆڕدرێت، هەربۆیە ژمارەیەک چالاکوان و نووسەر داوای راگرتنی پرۆسەکە دەکەن، تا دوخی کەرکووک ئاسایی دەبێتەوە.
مەلا فەرمان، چالاکوانی سیاسی دەڵێ "دەبێت سەرژمێری لە دۆخێکی ئاسایی و کەشێکی دادپەروەرانەدا بکرێت، بەڵام ئەو هەنگاوانەی حکوومەتی عێراق ناویەتی کە پابەندی دەستوور نییە، من چۆن بڕوای پێ بکەم".
لە سەرژمێری گشتیی دانیشتووان کە لە کەرکووک دەکرێت، ئاماژە بە نەتەوە نەکراوە، ئەمەش مەترسییەکە و دواجار هەر کەسێک لەو شارەکە نیشتەجێ بێت، بە خەڵکی شارەکە هەژمار دەکرێت و دەنووسرێت، هەربۆیە تورکمان و کورد زەررمەندن و ترسیان لەو تەعریبە هەیە کە هەشت ساڵە کاری بۆ کراوە.
سەوسەن جەدوع، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک لە فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی دەڵێ: ئێمە تاوتوێی ئەم پرسە دەکەین، ئەگەر بە زیانی پێکهاتەی تورکمان بشکێتەوە، ئەوە ڕێگری لە جێبەجێکردنی پرۆسەکە دەکەین و هەڵوێستمان دەبێت، هەرچەندە وەزارتی پلاندانان ئێمەیان دڵنیاکردووەتەوە کە لە سەرژمێرییەکەدا باسی نەتەوە ناکرێت".
لەدوای 16ی ئۆکتوبەری 2017، بەسەدان خێزانی عەرەب لەکەرکووک نیشتەجێکراون، تەعریب هەرماوە و شوێنەوارەکانیشی نەسرانەتەوە، کەچی بەرپرسانی عێراق دەیانەوێت؛ ئەو سەرژمێریە بکەن بەبنەمایەک بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی شارەکە.
هەنگاوەکانی گەمارۆ سازی و ژمارەدانان کە پێش سەرژمێری گشتی دەکرێت، لە کەرکوک دەستی پێکردووەو لەقۆناغی کۆتاییە ، کوردیش دەڵێن: تا دۆخی شارەکە ئاسایی نەکرێتەوە هەر سەرژمێریەک بکرێت بایەخی نابێت.