کەریم سلێمان: بۆ ساڵی داهاتوو ڕێژەی کڕینی گەنم بە پێی پلانی کشتوکاڵیی دیاریی کراوە

بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "جووتیار ئازادن  لەوەی ئەمساڵ چی دەچێنن."

شەممە، 2ـی تشرینی دووەمی 2024، کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەو بابەتە پەیوەستە بە جووتیارانەوە، بەڵام دەبێت ئەوە ڕوون بێت بۆ هەموولایەک کشتوکاڵ تەنیا چاندنی گەنم نییە، ئەوە بابەتێکی ئاشکرایە و لە دەستی ئێمەش دا نییە."

بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێت: "ساڵانە پلانێکی کشتوکاڵی دادەنرێت، ساڵی پار پلانەکە ئەوە بوو، کە زەوییەکی زۆر بە گەنم چێنرابوو؛ هەوڵێکی زۆرمان دا لەگەڵ بەغدا تاکو بەشی هەرێمی کوردستان 700 هەزار تەن بێت، بەڵام ئەمساڵ لەسەر ئاستی هەموو عێراق ڕێژەی وەرگرتنی گەنم کەم بووەتەوە و ئەو ڕێژەیەش هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، ئەوەش بە هۆی پێدانی پارەکەیە لەلای وەزارەتی دارایی عێراق. هەرچەندە ڕێژەی وەرگرتنی گەنم لە هەرێم زۆر کەم دیاری کرابوو، ئێمە وەک خۆمان یاداشتی ناڕەزایەتییمان چەندجارێک نووسی و لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ کۆبووینەوە و سەردانی سەرۆک وەزیرانی عێراقمان کردووە، تاکو ڕێژەی وەرگرتنی گەنمی هەرێم بە 400 هەزار تەن دیاری کرا."

دەشڵێت: "پار ساڵ ڕێژەی 700 هەزار تەن دیاری کرا بۆ هەرێم، جووتیار هەبوو 100 دۆنمی کردبوو بە گەنم، گەنمەکەشی لێ کڕدراوەتەوە لەلایەن وەزارەتی بازرگانییەوە، جووتیار دەبێت ئەمساڵ لە نیوە کەمتر زەوییەکەی بکات بە گەنم تاکوو گەنمەکەی لێ بکڕدرێت، ئەوەش بەپێی پلانی کشتوکاڵی. بەڵام ئەگەر بێت و جووتیار پابەند نەبێت، نە وەزارەتی بازرگانی، نە وەزارەتیی کشتوکاڵ، نە وەزارەتی داراییش گەنمی جووتیارەکە ناکڕێت. پلانەکەش پلانێکی ساڵانەی کشتوکاڵییە لەلایەن عێراقەوە و ڕێژەی هەرێمیش تێدا دیاری کراوە."

بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم گوتیشی: "جووتیار ئێستە ئازادە گەنم یان هەر بەرهەمێکی دیکە لە زەویەکەی دەچێنێت، بەڵام ئەگەر گەنم بچێنێت، دەبێت بۆ خۆی هەوڵی بە بازاڕکردنی بدات لە کەرتی تایبەت."

سەبارەت بەوەی ئایا جووتیاران لەو بابەتە ئاگادار کراونەتەوە؟ کەریم سلێمان، ڕایگەیاند "لەلایەن لیژنەی پلانی کشتوکاڵی لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەگەڵ وەزیری کشتاکاڵی عێراق هەموو جووتیاران و پارێزگاکان ئاگادار کرانەوە کە هەر پارێزگایەک و چەن ڕێژەی گەنمی لێ وەردەگیرێت."