دۆخی تەندروستیی هونەرمەند "زاهیر عەبدوڵڵا" ناجێگیرە

هونەرمەندی بواری سینەما و شانۆ "زاهیر عەبدوڵڵا"
هونەرمەندی بواری سینەما و شانۆ "زاهیر عەبدوڵڵا"

هونەرمەندی بواری سینەما و شانۆ "زاهیر عەبدوڵڵا" جارێکی دیکە دۆخی تەندروستی تێک دەچێت و ڕەوانەی نەخۆشخانە دەکرێت. لەم بارەیەوە هاوسەرەکەی ڕایگەیاند: "دۆخی تەندروستیی ناوبراو زۆر ناجێگیرە و چاوەڕوانی ڕەحم و شیفای خوای گەورەین".

ئەمڕۆ یەکشەممە 3ـی تشرینی دووەمی 2024، شیرین سابیر، هاوسەری هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەمڕۆ جارێکی دیکە دۆخی تەندروسیی ناوبراو تێک چووە و سەردانی نەخۆشخانەمان کرد و نیشانی پزیشکی پسپۆڕمان دا، بەڵام پزیشکەکە وای پێ باش بوو بیهێنینەوە ماڵەوە، چونکە هیچ چارەسەرییەک بۆ نەخۆشییەکەی نییە.

هاوسەری هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا، دەڵێت: ناوبراو بەهۆی تووشبوونی بە شێرپەنجە دۆخی تەندروستیی زۆر ناجێگیرە و چاوەڕێی ڕەحم و شیفای خودای گەورەین.

لە 27ـی حوزەیرانی ئەم ساڵ هونەرمەند زاهیر عەبدوڵڵا ،بۆ چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی وڵاتی تورکیا کرا و نەشتەرگەریی بۆ کرا، دواتر گەڕایەوە هەرێمی کوردستان.

بەڵام ئەمڕۆ دووبارە دۆخی تەندروستیی ناوبراو تێک چووەوە، وەک هاوسەرەکەی ئاماژەی پێدا، ئەوەی لەسەر شانی پزیشکەکان بوو بۆیان ئەنجام داوە و بەڵام بەهۆی قورسی نەخۆشییەکەی هیچ چارەسەرییەکی نییە.