هۆشدارییەکی بەپەلە لەبارەی خواردنی ماسیی توونەی قوتوو
هۆشدارییەکانی تەندروستیی گشتی فەرەنسا بووە هۆی ئەوەی هاووڵاتییانی چەند وڵاتێکی ئەورووپی دەست هەڵگرن لە کڕینی خواردنێکی باو.
ڕێکخراوی ناحکوومی "بلوم" کە بنکەکەی لە پاریسە، هەروەها ڕێکخراوی "فوود وۆچ"، لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایان کردووە، ماسیی توونەی قوتوو لە ئەورووپا ڕێژەیەکی بەرزی جیوەی تێدایە.
ئەو دوو ڕێکخراوە نزیکەی 150 ماسی توونەی قوتوویان لە 5 وڵاتی ئەورووپی، واتە ئەڵمانیا، بەریتانیا، ئیسپانیا، فەرەنسا و ئیتاڵیا شیکردەوە و بۆیان دەرکەوت کە سەرجەم بەرهەمەکان ڕێژەیەکی بەزری جیوەیان تێدایە.
کارین جاکیمارت، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی "فوود وۆچ" بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: ئەو خواردنە باوەی کە ئێمە زۆر بەکار دەهێنین پێمان وایە زۆر سوودبەخشە، بەڵام بێ ئاگاین لەوەی زیانێکی زۆری بۆ تەندروستیی هەیە، ئەویش ماسی قوتووی تونەیە.
ڕێکخراوەکانی بلوم و فوود وۆچ لە ڕاپۆرتەکەیاندا داوای لە فرۆشیاران و حکوومەتەکان وڵاتە ئەورووپییەکان کردووە ڕێوشوێنی بەپەلە بگرنەبەر.
لەم ڕووەوە هەردوو ڕێکخراوی بلوم و فوود وۆچ هەڵمەتێکیان دەستپێ کردووە و داوای ڕێسای توندتر دەکەن، وەک دابەزاندنی ئاستی جیوەی نێو ماسیی قوتووەکە.
هەروەها هەردوو ڕێکخراوەکە داواکارییەکی نێودەوڵەتییان بۆ 10 لە گەورەترین فرۆشگای بازاڕی ئەورووپا دەست پێکرد، لەنێویاندا زنجیرە مارکێتەکانی کارفور، بۆ لابردنی ئەو بەرهەمانەی کە سنووری ئێستایان تێپەڕاندووە لە ڕەفەکانیان، هەروەها بەکارهێنەران لە مەترسییەکانی ئەو بەرهەمە ئاگادار بکەنەوە.
بە تێکڕا ساڵانە ئەورووپییەکان زیاتر لە 2.8 کیلۆگرام ماسیی توونە بەکاردەهێنن، کە زۆربەیان هی قوتوون، بەڵام پرۆسەی قوتووکردن بەو مانایەیە کە چڕیی جیوە بە بەراورد بە بەرهەمی فرێشەکە دوو هێندە یان سێ هێندە زیاد دەکات،
بەپێی ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی، هەبوونی ڕێژەی زۆری جیوە لە خۆراکدا لەوانەیە مرۆڤ تووشی شێرپەنجە بکات، هەروەه مەترسی بۆ سەر کۆئەندامی دەمار دروست دەکات.