بەسرە: بەهۆی شەڕی عەشایەری چەند کەسێک کوژران

سەرچاوەیەکی ئەمنیی ڕایگەیاند "ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، شەڕێکی عەشایەری لە پارێزگای بەسرە سەری هەڵداوە."

ئەو سەرچاوەیە بە بێ ئەوەی وردەکاری زیاتر بخاتەڕوو ڕایگەیاند: "لە شارۆچکەی ئەبوخەسیب لە کوت سوەینیی شەڕێکی عەشایەری ڕووی داوە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی چەند کەسێک."

شەڕ و ململانێی عەشایەری نێوان خێڵەکانی عێراق ڕیشەیەکی کۆنیان هەیە و زۆرجار بۆ دامرکاندنەوەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی دەبێت حکوومەتی عێراق هێزی ئەمنیی و سەربازی بجووڵێنێت و نێوەندگیریان بکات.

بە گوێرەی ئامارێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق تەنیا لە چوار مانگی یەکەمی ئەم ساڵدا 400 شەڕی عەشایەری ڕوویان داوە و شەڕ و ناکۆکییە عەشایەرییەکانیشی بە هەڕەشەیەکی گەورە و مەترسیدار لەسەر ئاشتی کۆمەڵایەتیی ناوبردووە.

هەروەها ئاماژەی داوە "کە چەکی بێمۆڵەت و دیاردەی چەکداری مەترسییەکی زۆر گەورەن لە کاتی ئاڵۆزییەکانی نێوان خێڵەکان لە باشووری و ناوەڕاستی عێراق دەستی بۆ دەبرێت."

هەر لە ئامارەکە وەزارەتی ناوخۆی عێراقدا هاتووە "لە چارەکی یەکەمی ئەم ساڵ 27 شەڕی چەکداری و 373 ئاڵۆزی بەبێ چەک لە نێوان خێڵەکان تۆمار کراوە و هیچ کاتێکیش ئامادە نەبوون بۆ بنەبڕکردنی ناکۆکییەکان بچنە دادگە و بە یاسا ناکۆکی و کێشەکانیان چارە بکەن."

هەروەها بە گوێرەی ئامارە نا فەرمییەکان لە دوای شەڕی ئازادیی عێراق لە 2003ـەوە "نزیکەی 20 ملیۆن پارچە چەکی بێمۆڵەت و نا یاسایی لە دەستی خەڵکی ئاساییە و هەندێک جار گرووپە میلیشیاکانیش دەچنە نێو یەکلا کردنەوەی بەشێک لە شەڕە عەشایەرییەکان."