رووماڵ

جیل ستەین ئەو ئافرەتەی لەوانەیە براوەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا دیاری بکات

کاندیدی پارتی سەوز جیل ستەین
کاندیدی پارتی سەوز جیل ستەین

لە کاتێکدا دەنگدەرانی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە ڕوو لە سندوقەکانی دەنگدان دەکەن و پێشبینی دەکرێت کێبڕکێی سەرۆکایەتی چڕتر ببێتەوە و چەند سەد دەنگدەرێک بتوانن دانیشتووی نوێی کۆشکی سپی دیاری بکەن، سیناریۆیەکی "نائاسایی" دەردەکەوێت کە تیایدا کاندیدی پارتی سەوز جیل ستەینی تەمەن 75 ساڵ لەوانەیە پاڵەوانی سەرەکی بێت.

ڕاپرسییەکان پێشبینی دەکەن، جیل ستەین نزیکەی لە سەدا 1 ی دەنگەکان بەدەست بهێنێت کە ڕێژەیەکی کەمە، بەڵام شارەزایان پێشبینی دەکەن کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئەنجامەکانی کاندیدەکانی دوو پارتی سەرەکی کامالا هاریس و دۆناڵد ترەمپ هەبێت کە لە زۆرینەی ڕاپرسییەکاندا یەکسان بوون.

جیل ستەین بۆ جاری سێیەم دەچێتە ناو کێبڕکێی سەرۆکایەتی، پێشتر لە 2012 و 2016 خۆی کاندید کردبوو، لە کاتی ڕاگەیاندنی خۆکاندیدکردنی بۆ هەڵبژاردنی 2024، ستەین بۆ دەنگدەرانی بە وردی باسی بۆچوونەکانی خۆی کرد سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا، پەروەردە، ئابووری، سیاسەتی دەرەوە، چاودێری تەندروستی، کۆچبەران و لەباربردن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڤیدیۆیی دەنگی ئەمەریکا، جیل ستەین لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016 دا لە سەدا 1ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە، لە میشیگان، ڕکابەرەکەی ترەمپ بە کەمتر لە 11 هەزار دەنگ لێی بردەوە، لە کاتێکدا جیل ستەین زیاتر لە 501 هەزار دەنگی بەدەستهێنا.

لەو کاتەدا هیلاری کلینتۆن کاندیدی کۆمارییەکان، جیل ستەینی بەوە تۆمەتبار کرد کە بووەتە هۆی دۆڕانی کلنتن بەرامبەر کاندیدی کۆمارییەکان دۆناڵد ترەمپ و گوتی: دەنگەکانی ستەین بەدەستی هێنا، بەس بوو بۆ بردنەوە.