کازمی دەیەوێت گرووپی چەکدار لە شارە رزگارکراوەکانی عێراق نەهێڵێت
ئاوارەکان بەهۆی ئەو چەکدارانەوە ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵیان
K24 - هەولێر
لەپێناو کۆتاییهێنان بە دۆسیەی ئاوارەکان و گەڕاندنەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان، سەرۆک وەزیرانی عێراق بەنیازە کاربکات بۆ چوونە دەرەوەی گرووپە چەکدارەکان لە شارە رزگارکراوەکانی شەڕی داعش.
بەشێکی گرووپە چەکدارەکان لە عێراق، چوار ساڵە لەنێو ئەو شارانەن کە لە دەستی داعش رزگارکراون، بەهۆی ئەو چەکدارانەش ئاوارەکان ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان.
هەریەک لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و بەشێک لە هێزە سیاسییەکان، پاڵپشتی لەم هەوڵەی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی بەرپرسێکی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، دوای تەواوکردنی پێکهاتەی کابینەکەی، مستەفا کازمی بەنیازە، نەخشەڕێگەیەکی تەواو بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی شارە رزگارکراوەکان دابڕێژێت، کە بەهۆی بوونی گرووپە چەکدارەکان، ناتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان.
بەشێکی چاودێران پێیانوایە؛ ئەم هەوڵەی کازمی تووشی ئاستەنگ دەبێت، بەتایبەتی کە لەماوەی رابردوودا هەموو هەوڵێکی لەمشێوەیە لەڕێگەی جوڵاندنی کارتی پشێویی ئەمنی و چەکداری هۆزەکانەوە، شکستی پێهێنراوە.
ئەو گرووپە چەکدارییانەی چوونەدەرەوە لە ناوچە رزگارکراوەکان رەتدەکەنەوە پێکهاتوون لە: کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق، بزووتنەوەی نوجەبا، عەسائیب ئەهلولحەق، رێکخراوی بەدر و چەند گرووپێکی دیکەن، کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن.
لە گرنگترین ئەو ناوچانەشی کە تیایاندا ماونەوە: جورفولسەخر، فارسیە، سنێدیج، عۆجە، عەزیز بەلەد، عوێسات، زیراع دیجلە، سینیە، عوکاشات، خورماتوو، باکووری رۆژهەڵاتی دیالە، بێجی و چەند ناوچەیەکی دیکە.
بەرپرسێکی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دووپاتیدەکاتەوە، بەهۆی بوونی ئەو گرووپانە، تەواوی ئەو ناوچانە بەرووی خەڵکەکەیدا داخراون و ئاوارەکانیش ناتوانن بگەڕێنەوە.
لەلای خۆشییەوە عەبدولخالق عەزاوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایکرد، ئاساییکردنەوەی ناوچە رزگارکراوەکان و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان، مەرجی سەرەکیی ئەوان بووە، بۆ دەنگدان بە کابینەکەی مستەفا کازمی، بۆیە ئێستا کازمی کار لەسەر ئەم دۆسێیە دەکات.
عەزاوی روونیکردەوە، زیاتر لە 60 هەزار کەس لە عەرەبی سوننە، بێسەروشوێنن، بەشێکی زۆریان کوژراون و لە گۆڕی بەکۆمەڵدا نێژراون، هەزارانی دیکەش لە زیندانە نهێنییەکانی گرووپە چەکدارەکاندان.
بەگوێرەی دوایین ئاماری کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ، ئێستا نزیکەی یەک ملیۆن و 300 هەزار ئاوارەی ناوخۆیی لە عێراق هەیە.
هـ.ر.