خەوی قووڵ لە ڕۆژدا دەبێتە هۆی توشبوون بە لەبیرچوونەوە
توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرای کردووە، ئەگەر لە ڕۆژدا هاووڵاتی بەردەوام هەست بە ماندوویی بکات، یان لەکاتی ئەنجامدانی چالاکی ڕۆژانە هەست بەوە بکات کە هەمیشەی خەوی دێت یان خەواڵووە، ئەوا بە ئەگەرێکی زۆر مەترسی توشبوونی بە لەبیرچوونەوە هەیە.
کەناڵی س ئێن ئێنی ئەمەریکی بڵاوی کردەوە، توێژینەوەیەک لەسەر 445 کەس لە ئەمەریکا ئەنجام درا، کە تێکڕای تەمەنی کەسەکان نزیکی 76 ساڵ بوو، توێژەران زانیارییان لەسەر جووڵە و ئاستی چالاکییەکانیان و شێوازی خەوتنیان کۆکردەوە.
بەپێی هەواڵی کەناڵەکە، لەنێو کەسانی بەشداربوو لە توێژنەوەکەدا، بەشێکیان هەستیان بە خەواڵووی و ماندوێتی دەکرد لە ڕۆژدا، کە 35.5% مەترسی توشبوونیان بە لەبیرچوونەوە هەبوو، لە بەرانبەردا 6.7%ـیان هیچ مەترسییەکی ئەو جۆرە حاڵەتەیان لەسەر نەبوو.
بە گوێرەی توێژینەوەکە، جووڵهی هێواش و لهسهرخۆیی و درهنگ ههستكردن و سكاڵاكردنی بهردهوامی مرۆڤی به تهمهن له بهرانبهر بیرهوهری و یادهوهرییهكانی، هێندەی دیکە مهترسییهكانی توشبوونی بە لەبیرچوونەوە زیاتر دەکات.
لای خۆیەوە دکتۆر ڤیکتۆوار لۆردی، پزیشک لە نەخۆشخانەی زانکۆی تۆڵوز و نووسەری سەرەکی توێژینەوەکە، ڕایگەیاند: توێژینەوەکانی پێشوو پەیوەندییەکیان لە نێوان تێکچوونی خەو و مەترسی تووشبوون بە لەبیرچوونەوە نیشانداوە.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی: سەلماندنی پەیوەندی نێوان تێکچوونی خەو و نیشانەکانی جووڵهی هێواش و لهسهرخۆیی و درهنگ ههستكردن گرنگە، چونکە زانین و بەهانەوەچوونی پێشوەختە ڕەنگە باشترین هیوا بۆ ڕێگریکردن لە توشبوون بە لەبیرچوونەوە پێشکەش بکات.
ساڵانە لە سەرانسەری جیهاندا 10 ملیۆن حاڵەتی نوێی لەبیرچوونەوە دەستنیشان دەکرێن، بەڵام جۆراوجۆری لە حاڵەتەکانی لەبیرچوونەوە و نیشانەکانی، پرۆسەی دەستنیشانکردن و چارەکردنیان ئاڵۆزتر دەکات. نەخۆشی زەهایمەر باوترین هۆکارە بۆ تووشبوونی هاووڵاتی بە لبیرچوونەوە، بە تایبەتی لە کەسانی بەساڵاچوودا.