بەهۆی پیسبوونی ئاوی دیجلە و فورات ژیانی ملیۆنان عێراقی لە مەترسیدایە
شارەزایانی بواری ژینگە و نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدەن لە ڕێژەی پیسبوونی ئاوی دیجلە و فورات و لقەکانی دەڵێن: "هەڕەشە لە ژیانی ملیۆنان عێراقی دەکات."
لای خۆیەوە شەفەق نیوز، چەند دیمەنێکی پیسبوونی ڕووباری دیجلە کە بە سێ ناوچەدا تێدەپەڕێت، یەکێک لەوانە شاری قاسم، لە باشووری پارێزگای بابلە، بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە "پیسبوونەکە مەترسی لەسەر ژیانی زیاتر لە 15 هەزار کەس دروست کردووە."
زۆرێک لە چالاکوان و هاووڵاتییانیش پرسیاری ئەوە دەکەن کە دەسەڵاتدارانی حکوومەتی عێراق خەریکی چین کە ڕی لە پیسبوونی ئەم ڕووبارانە ناگرن؟! هۆی چییە ساڵانێکە ئەم ڕووبارانە پاک نەکراوەتەوە و بووەتە جێگەی کەڵەکەبوونی پاشماوە و زبڵدان؟!
پیسبوونی ڕووبارەکان دەگەڕێتەوە بۆ پاشەڕۆی پیشەسازی و ئاوەڕۆی پیس، جگە لەوەی کەمیی دابینکردنی ئاو بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەکانی ئاو لە وڵاتانی دراوسێدا، پیسبوون یەکێکە لە دیارترین ئاستەنگەکانی بەردەم وڵاتەکە، بە تایبەت پشتبەستن بە کەرتی کشتوکاڵ و دابینکردنی ئاوی خواردنەوە لەسەر ئەم دوو ڕووبارە.
غەلام ئیسحاق، نێردەی سکرتێریی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی و گەشەپێدان،دوو ڕۆژ لەمەوبەر ڕایگەیاند "90%ی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات ئاوی سەرزەوی پیس بووە، ئەمەش مەترسی بۆ ژینگە و تەندروستی و مەترسی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتیانی عێراق دروست دەکات."
ئیسحاق دەڵێت: "عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بەدەست کاریگەرییەکانی گەرمبوونی جیهان و گۆڕانی کەشوهەوا گرفتارە، دابەزینی ئاستی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات، کە عێراق پشتی پێ دەبەستێت، کاریگەری گەورەی هەبووە، ئاماژەی بەوەش دا، ئامارەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نزیکەی 37 هەزار کەس لە ناوچەکانی باشووری عێراقەوە کۆچیان کردووە بۆ باکوور بەهۆی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا."