قۆناغی دووەمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەست پێ دەکات

30 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش دەکرێت

ئەم مانگە قۆناغی دووەمی پڕۆسەی دابەشکردنی زەوی بەسەر مووچەخۆراندا دەست پێ دەکات، 30 هەزار پارچە زەوی ئامادە دەکرێت و سەرجەم هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.

شەممە، 9ـی تشرینی دووەمی 2024، سەربەست مەولود، بەڕێوەبەری بەشی یاسایی لە وەزارەتی شارەوانیی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان و سەرپەرشتیاری لیژنەی وردبینی فۆرمی دابەشکردنی زەوی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "دەست کراوە بە ئامادەکردنی قۆناغی دووەمی لیستی ناوی مووچەخۆران بە مەبەستی پێدانی زەوی و ئەم مانگە لیستەکە ئامادە دەکرێت، دوای وردبینی لە ناوەکانیان و دیاریکردنی مووچەخۆرانی شایستە، هاوکات لەگەڵ وەرگرتنی ڕەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران ناوەکانیان ڕەوانەی شارەوانییەکان دەکرێت بۆ تیروپشک و دابەشکردنی زەوی بەسەریاندا."

لەبارەی ژمارەی پارچە زەوییەکان گوتی: "لە قۆناغی یەکەمدا لیستی 15 بۆ 16 هەزار پارچە زەوی ڕەوانەی شارەوانییەکان کراوە لەو چوارچێوەیەدا یەک لەسەر سێی دابەش کراوە، لە قۆناغی دووەمدا کار دەکرێت ژمارەکە بۆ 30 هەزار پارچە زەوی بەرز بکرێتەوە، لە هەر پارێزگایەکدا 10 هەزار پارچە زەوی ئامادە دەکرێت."

ڕوونیشی کردەوە "لە قۆناغی دووەمدا سەرجەم شارەوانییەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، بە جۆرێک لە 16 شارەوانیی ناوەندی شار و ئیدارە سەربەخۆکان و شارەوانییە گشتییەکان زەوی دابەش دەکرێت."