کەشناسی: سبەینێ شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، ڕایگەیاند، سبەینێ شەپۆلیکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، هاوکات پلەکانی گەرما بە نزیکەی چوار پلە نزم دەبنەوە.
یەکشەممە 10ـی تشرینی دووەمی 2024، بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشبینی کەشوهەوای سبەینێی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، سەرەتا لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی، هەڵەبجە و کەرکووک بارانبارین دەست پێدەکات، دواتر بارانەکە سەرجەم ناوچە جیاجیاکانی هەرێم دەگرێتەوە.
بە پێی ڕاگەیەندراوەکە، بارانبارینەکەی سبەینێ بە شێوەی نمەباران دەبێت و هەندێک کات ئەگەری لێزمەباران و هەورەتریشقە دەبێت، هەروەها پلەکانی گەرماش نزیکەی 4 پلە نزم دەبنەوە.
کەشناسیی ئاماژەی بەوە دا، خێرایی با سبەینێ مام ناوەند دەبێت (15 -25کم/ک) لە هەندێک کات چالاکتر دەبێت بۆ سەرووی 25کم/ک. هاوکات مەودای بینین لە نێوان 7 – 9 کم دەبێت.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی :
هەولێر: 23
سلێمانی: 19
دهۆک: 22
کەرکووک: 23
هەڵەبجە: 19
زاخۆ : 21
حاجی ئۆمەران: 8
سۆران: 18
گەرمیان: 23