ئەردۆغان: پشتێنەی ئەمنیمان لە سنوور تەواو دەکەین
سەرۆک کۆماری تورکیا رەجەب تەییب ئەردۆغان دووپاتی ئەوە دەکاتەوە کە پشتێنەی ئەمنیان لە باشوور تەواو دەکەن، مەبەستیش لەو لێدوانەی رەجەب تەییب ئەردۆغان ئۆپەراسیۆنی سەربازییە لە عێراق و سووریا.
یەکشەممە 10ـی تشرینی دووەمی 2024، لە گوتارێکیدا لە مەراسیمی یادکردنەوەی موستەفا کەمال ئەتاتورک لە ئەنقەرە، رەجەب تەییب ئەردوغان، سەرۆک کۆماری تورکیا دووپاتی ئەوەی کردەوە، پشتێنەی ئەمنیان لە باشوور تەواو دەکەن.
ئەردۆغان گوتی: ئێمە هەوڵی گەمارۆدانی وڵاتەکەمان لە سنوورەکانی باشوور تا ڕادەیەکی زۆر پوچەڵ کردووەتەوە لە ڕێگەی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی ئەنجاممان داوە بەو ناوچە ئارامانەی کە دامانمەزراندووە.
گوتیشی: لە ماوەیەکی نزیکدا ئەو بازنە تەواو نەکراوە لە سنوورەکانی باشووری وڵات کە بەدرێژایی سنوورەکەمان کردوومانە، تەواو دەکەین، ئاماژەی بەوەشکرد کە هەموو پەیوەندییەک لەنێوان گرووپە چەکدارەکان و سنووری وڵات دەپچڕێنن.
ئەردۆغان تیشکی خستە سەر ئەوەی: بۆ هەمیشە یاری 40 ساڵەی ئیمپریالیستەکان و بریکارەکانیان لە هەرێمەکەیان تێکدەشکێنین کە لە ڕێگەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە نەخشەڕێگای سیاسی و ئابووری وڵاتەکەیان بەئارەزووی خۆیان بەڕێوە دەبەن." وەک خۆی گوتی.