سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی سەردانی تاران دەکات
سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی چوارشەممەی داهاتوو سەردانی تاران دەکات بۆ تاوتوێکردنی بەرنامە ناوکیەکەی
ڕافایێل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی ڕۆژی چوارشەممە سەردانی ئێران دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئێران.
ئاژانسی هەواڵی ئێران دەڵێت: گرۆسی لەسەر بانگهێشتی فەرمی حکوومەتی ئێران سەردانی تاران دەکات و ڕۆژی پێنجشەممەش لەگەڵ بەرپرسانی ئێرانی کۆدەبێتەوە.
ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە بەیاننامەیەکدا دووپاتی کردەوە کە، گرۆسی لەم هەفتەیەدا سەردانی ئێران دەکات بۆ ئەنجامدانی "گفتوگۆ کردن لەگەڵ حکومەتی ئێران لە ئاستێکی باڵادا" کە هەموو لایەنەکانی بەرنامە ناوکیەکەی ئێران دەگرێتەوە.
پێشتر ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی هۆشداری دابوو لە زیادبوونی ڕێژەی زیادبوونی یەدەگی ماددەی پیتێنراوی ئێران کە گەیشتووەتە 60٪، ئەمەش نزیک دەبێتەوە لە رێژەی پێویست کە (90٪)ـە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی، لەگەڵ ئەوەشدا، تاران هیوای خۆی دەربڕیوە بۆ دەستپێکردنەوەی دانووستانەکان لەوەتەی سەرۆکی ئێران مەسعود پزیشکیان لە مانگی ئابی ڕابردوودا دەستبەکار بووە.
ئەم سەردانەی گرۆسی دووەمین سەردانی ئەمساڵە، دوایین سەردانی لە مانگی ئایاردا بوو کە تێیدا داوای هەنگاوی کۆنکرێتی کرد بۆ بەهێزکردنی هاوکاریی لەگەڵ ئێران لە بواری بەرنامە ئەتۆمیەکەیدا، بەتایبەتی سەبارەت بە دامەزراوەی پیتاندنی یۆرانیۆمی ناتانز.
لە کۆتایی مانگی ئەیلولدا، گرۆسی ئاماژەی بەوەدا کە ئێران ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ دەستپێکردنەوەی دانووستانەکان، بەڵام هێشتا ڕێگە بە پشکنەرانی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نادات بگەڕێنەوە بۆ شوێنە ئەتۆمیەکانی.
لە ساڵی 2021 ەوە، ئێران پشکنینەکانی شوێنە ئەتۆمییەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو کەمکردۆتەوە و چەندین کامێرای چاودێری لابردووە و بڕوانامەی ژمارەیەک لە شارەزایانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی هەڵوەشاندەوەتەوە.
ئەم سەردانە چەند ڕۆژێک پاش سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا دێت. ترەمپ لە ساڵی 2018 بڕیاری دا لە رێککەوتنی ئەتۆمی بکشێتەوە، کە لە ساڵی 2015 لەنێوان ئێران و ئەمەریکا، فەرەنسا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، رووسیا و چین واژۆ کرابوو.
لەو کاتەوە هەوڵەکان بۆ زیندووکردنەوەی ئەم ڕێککەوتنە شکستیان هێناوە و ئێران بەردەوامە لە پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەکەی سەرەڕای نکۆڵی کردن لە نیازی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.