سێ زیندانی ئەبوغرێب بە 42 ملیۆن دۆلار قەرەبوو دەکرێنەوە

زیندانی ئەبوغرێب
زیندانی ئەبوغرێب

تیمی بەرگریی ئەمەریکا بڵاویکردۆتەوە، دەستەی سوێندخواردنی فیدراڵی ئەمەریکا فەرمانی بە کۆمپانیایەک کرد کە گرێبەستی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا کردووە، بڕی 42 ملیۆن دۆلار بداتە سێ هاووڵاتی عێراقی کە لە زیندانی ئەبوغرێب لە عێراق ئەشکەنجە دراون.

لیژنەی دادوەری، کۆمپانیای "کاسی پریمیێر تەکنەلۆجی" کە بنکەکەی لە ویلایەتی ڤێرجینیایە، بە بەرپرسیار زانی کە بەشداریان لە ئەشکەنجەدان و مامەڵەی خراپ کردووە لە دوو دەیەی ڕابردوو.

دەستەی سوێندخۆران کە لە هەشت کەس پێکهاتوون، ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم کۆمپانیایە لە ساڵانی 2003 و 2004دا، دەستی هەبووە لە ئەشکەنجەدانی ئەو سێ کەسەی لە زیندانی ئەبو غرێب بوون، 

سەنتەری مافە دەستووریەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕاگەیاند، "سوهەیل شەممەری، بەڕێوەبەری قوتابخانەی ناوەندی، ئەسعەد ئەلزوبەیعی، جووتیار و سەڵاح ئەلعجیلی، ڕۆژنامەنووس، هەریەکەیان بڕی 14 ملیۆن دۆلار قەرەبوویان وەرگرتووە.

ئەلعجیلی پێشوازی لەو بڕیارە کرد و گوتی: "ئەمڕۆ ڕۆژێکی گەورەیە بۆ من و بۆ دادپەروەری"، ئاماژەی بەوەش کرد، "ئەم سەرکەوتنە نیشانەی هیوایە بۆ هەموو ئەوانەی گۆشەگیر بوونە و هۆشدارییەکی بەهێزیشە بۆ هەر کۆمپانیایەک یان بەڵێندەرێک کە جۆرەها ئەشکەنجە و مامەڵەی خراپ ئەنجام بدات".

هەروەها کاترین گالاگێر، پارێزەر لە سەنتەری مافە دەستوورییەکان، پێشوازی لە بڕیارەکەی دەستەی سوێندخۆران کرد و ڕۆڵی کۆمپانیای کاسی لەم لایەنە شەرمەزارکەرەی مێژووی ئەمەریکادا ڕوون کردەوە و گوتی: "بڕیارەکە ئەوە دەسەلمێنێت، کە بەڵێندەرانی سەربازی و ئەمنی لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت کاتێک سەرەتاییترین یاسا نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکەن، هاوشێوەی قەدەغەکردنی ئەشکەنجەدان".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ماوەی 20 ساڵە کۆمپانیای کاسی ڕەتیکردووەتەوە بەرپرسیاربێت لە ئەشکەنجەدانی زیندانیانی ئەبوغرێب".

زۆربەی سەرپێچیەکان لە کۆتایی ساڵی 2003 لە کاتێکدا بووە کە کارمەندانی کۆمپانیای بەڵێندەر لە زیندانەکەدا کاریان دەکرد، بەپێی ئەو داواکارییە، کارمەندە مەدەنییەکانی کۆمپانیاکە تۆمەتبار کران بەوەی کە سەربازانی ئەمەریکییان هانداوە بۆ ئەوەی مامەڵەی خراپ لەگەڵ زیندانییەکان بکەن وەک ئامادەکارییەک بۆ لێپرسینەوە.

تۆمەتی تاوانکاری خراوەتە سەر 11 پاسەوانی ئەوکات، لەنێویاندا لیندی ئینگلاند، کە لە وێنەکاندا لە تەنیشت زیندانییە ڕووتەکانەوە بە زەردەخەنەوە دەرکەوتووە.

پنتاگۆن 198 وێنەی بڵاوکردبووەوە کە تیایدا ئەو ئەشکەنجە دڕندانەیە دەردەخات کە هێزەکانی ئەمەریکا بەرامبەر بە دەستگیرکراوەکان لە عێراق و ئەفغانستان ئەنجامیانداوە و زیندانی ئەبوغرێبیش دیارترین زیندانی عێراق بووە.