پێشەوا هەورامانی: مەسرور بارزانی بەسوودانی گوت "ڕاگرتنی نەوت زیانی بە گەنجینەی عێراق گەیاندووە"
ئەمڕۆ چوارشەممە، 13-11-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، پێشوازی لە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ محەممەد شیاع سوودانی کرد.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "بایەخی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ چارەکردنی کێشەکان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی باشە، هەروەها ڕۆڵی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەشێوەیەک بووە ئەگەر کێشەکانیش هەمووی چارە نەکرابێت، هێشتا دەرگای گفتوگۆ دانەخراوە".
ئاماژەی بەوەش کرد، "هاتوچۆ و گفتوگۆی بەردەوام لە نێوان سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان و سەرۆک وەزیرانی عێراق هەبووە، بۆیە هاتنەکە هەنگاوێکی ئەرێنییە".
گوتیشی: "کۆبوونەوەکە کاتژمێرێک بەردەوام بووە و کۆمەڵێک بابەت باس کراوە، هەروەها سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بە سەرۆک وەزیرانی عێراقی گوت دەبێت بابەتی مووچە لە هەموو کێشەیەکی دیکە جیا بکرێتەوە".
باسی لەوەش کرد، " 16 دۆلار بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت، هەروەها سەرۆک وەزیران، داوای لە سوودانی کرد، لایەنی سێیەم کە لە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر دراوە بێتە ناو گفتوگۆکەوە، بۆئەوەی ئەوان ڕوونی بکەنەوە کە تێچووی گواستنەوە و بەرهەمهێنانی نەوت چەندە، گوتیشی: ئەو لایەنە زوو دیاری بکرێت و دەستبەکار بن تاوەکوو کاری خۆیان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان بکەن".
پێشەوا هەورامانی دەشڵێت: "سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی گوتیەتی، ڕاگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان زیانی بە گەنجینەی عێراق گەیاندووە، کە بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێم 21 ملیار دۆلار زیان بە عێراق کەوتووە".
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند، "سەرۆک وەزیرانی عێراق تێگەیشتنی بۆ بابەتەکان هەبوو، بۆیە گەشبینین دانیشتنی ئەمڕۆ ئەنجامی باشی دەبێت".
جەختیشی کردەوە، سەرۆک وەزیرانی عێراق دڵنیایی دا کە هەرێمی کوردستان بەشێک دەبێت لە هەمواری بودجە، کە ئەمە لەسەر داوای مەسرور بارزانی بوو، پێی گوتووە، مووچە ماف و گوزەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، لە بەرامبەریشدا حکوومەتی هەرێمی کوردستان چی لەسەر شان بێت ئەیکات".