سوودانی گەیشتە سلێمانی و پرسی زوو پێکهێنانی حکوومەت گفتوگۆ دەکات
سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە سلێمانی و لەوێش لەگەڵ حزبە بەشداربووەکانی هەڵبژاردن، پرسی پەلەکردن لە پێکهێنانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەو لایەنانەی گفتوگۆ دەکات.
چوارشەممە 13ـی تشرینی دووەمی 2024، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچێرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی، هاوکات چەند حزب و لایەنێکی سیاسیی بەشداربوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە هەولێر، چووە سلێمانی بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی ئەویش، گفتوگۆی پرسی پەلەکردن لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان تاوتوێ بکات.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند: سەرۆک وەزیران محەمەد شیاع سوودانی لەچوارچێوەی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان، چووەتە سلێمانی.
پەیامنێری کوردستان24 هاوژین جەمال لە سلێمانی ڕایگەیاند: سوودانی لە سلێمانی دەچێتە سەر مەزاری مام جەلال، دواتر دەچێتە دەباشان بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ یەکێتی نیشتمانی کوردستان، دوای ئەوانیش دەچێتە بارەگای جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەگەڵ ئەوانیش کۆدەبێتەوە، پاشان لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی کۆدەبێتەوە، بەمەش وێستگەی سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان کۆتایی دێت و دەگەڕێتەوە بەغدا.
دەشڵێت: سوودانی لە سەردانەکەی بۆ سلێمانی هەمان ئەجێندای هەیە کە لە هەولێر هەیبوو لە پرسی سەرژمێری و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان، لەگەڵ پرسی مووچە و بوودجە، هاوکات دڵنیاییدان بە کوردستان لەوەی لە پرسی سەرژمێری تێبینییەکانی کورد بەهەند وەرگیراون بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان.
پەیامنێری کوردستان ڕایگەیاند: سوودانی لە سلێمانی پرسی پەلەکردن لە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکان، وەک داواکاریی دەیخاتە بەردەم هێز و لایەنە سیاسییەکان، دەشڵێت: کۆتا سەردانی سوودانی بۆ لای سەڵاحەددین بەهائەدین و یەکگرتووی ئیسلامی دەبێت.