پێشەوا هەورامانی: ئەگەری زۆرە هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی 10 بنێردرێت
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوە دەکات، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بە دوای چارەی ڕیشەیی پرسی مووچەیە و هەمیشە بیری بەرپرسانی باڵای عێراقی خستووەتەوە کە مووچە مافی هاووڵاتییانە دەبێت بنێردرێت و نابێت تێکەڵی کێشە سیاسییەکان بکرێت. گوتیشی: ئەگەری زۆرە هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی 10 بنێردرێت.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24ـدا، گوتی: هەر لە سەرەتای پێکهێنانی کابینەی نۆیەم، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، هەمیشە هەوڵی چارەکردنی کێشەکانی داوە لەگەڵ بەغدا، لە بەرانبەردا سەرۆک وەزیرانی عێراقیش هەنگاوەکانی بە ئاراستەی چارە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە، ئەمەش جێگەی خۆشحاڵییە.
ئاماژەی بەوە دا، بەشێک لە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارە کراون، ئەو کێشانەشی کە ماون بە گفتوگۆ چارە دەکرێن و گەشبینیشین لەو بارەیەوە.
لەبارەی سەردانەکەی سوودانی بۆ هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێکی گرنگ سەردانی هەرێمی کوردستانی کردبوو، لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی هەرێمەکە کۆ بووەوە.
هاوکات گوتی: لە کۆبوونەوەکاندا باسی پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان، پرسی مووچە و دووبارە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کرا.
لەبارەی مووچەی مانگی 10ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، هەورامانی ڕایگەیاند: بە ئەگەرێکی زۆر هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی 10ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی بەدوای چارەی ڕیشەیی کێشەی مووچەیە و هەمیشە بیری بەرپرسانی باڵای عێراقی خستووەتەوە کە مووچە مافی هاووڵاتییانە دەبێت بنێردرێت و نابێت تێکەڵی کێشە سیاسییەکان بکرێت.
ناوبراو باسی لە پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لەسەر داوە، چاوەڕێین ئەو بڕیارە بخرێتە نێو بەرنامەی کاری پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێت.
جەختی لەوەش کردەوە، عێراق زەرەرمەندی یەکەمە لە ڕاگرتنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، تا ئێستا 21 ملیار دۆلار زیان بە داهاتی عێراق کەوتووە.
لەبارەی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەورامانی دەڵێت: سەرۆک وەزیرانی عێراق دوای پیرۆزبایی ئەنجامی هەڵبژاردن لە لایەنە براوەکان و سەرکەوتنی پرۆسەکە، گوتوێتی پێمان باشە دەستوبرد بکرێت لە پێکهێنانی کابینەی دەیەمینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان.
هەورامانی گوتیشی: سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆیە مەبەستێتی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زوو پێک بێت، چونکە کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندی بە عێراقەوەش هەیە، وەک خۆی ئاماژەی پێداوە ئەگەر دۆخی سەقامگیر لە هەرێم هەبێت بە هەمان شێوە کاریگەریی لەسەر سەقامگیری عێراقیش دەبێت.