سوودانی: بوونی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێم یارمەتیدەر دەبێت بۆ پتەوکردنی سەقامگیریی سیاسی
محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە هەولێر دووپاتی کردەوە کە، سەقامگیری لەهەرێمی کوردستان هێزێکە بۆ سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق، دەشڵێت: بوونی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێم یارمەتیدەر دەبێت بۆ پتەوکردنی سەقامگیریی سیاسی.
چوارشەممە 13ـی تشرینی دووەمی 2024، محەمەد شیاع سوودانی لە هەولێر، لەگەڵ نوێنەرانی هێز و پێکهاتە براوەکانی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق پیرۆزبایی لەئامادەبووان کرد بەبۆنەی بەدەستهێنانی متمانەی هاووڵاتیان لەهەرێم و دووپاتیشیکردەوە کەهەڵبژاردنی هەرێم وێستگەیەکی گرنگە لەپرۆسەی سیاسی و چەسپاندنی پرەنسیپی دێموکراسی و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات کە پابەندبوونی خەڵکی هەرێم بەهەڵبژاردنەکان دووپاتدەکاتەوە، سوودانی ئاماژەی بەوەشکرد کە حکوومەتی فیدراڵ لەگەڵ سەرجەم هێزە سیاسییەکان و سەرۆکی هەرێم، هەوڵی داوە بۆ تەواوکردنی هەڵبژاردنەکان و ئامادەکردنی هەموو مەرجەکان بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە.
سەرۆک وەزیران جەختی کردەوە لەسەر پێویستی خێراکردنی لێکتێگەیشتن و دەستپێکردنی پێکهێنانی حکومەت و وەرگرتنی ئەرکەکانی پەرلەمانی هەرێم، چونکە هاووڵاتیان زۆر پێویستیان بە وەرگێڕانی پرۆگرامەکانی هەڵبژاردن هەیە کە ڕەنگدانەوەی لەسەر واقیعی ژیان و خزمەتی خۆیان هەیە، جەختی لەوەش کردەوە کە بوونی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێم یارمەتیدەر دەبێت بۆ پتەوکردنی سەقامگیریی سیاسی لەحکوومەتی فیدراڵ و هەرێمدا، چونکە تێگەیشتن و سەقامگیری لەهەرێمدا هێزێکە بۆ سەرجەم پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی عێراق.
سودانی لە کۆبوونەوەکە ڕوونیکردەوە کە، پرسەکانی نێوان هەردوولا پێویستی بە هەوڵی هاوبەش هەیە لەسەر ئاستی هەرێم و حکومەتی خۆجێی و حکومەتی فیدراڵی، ئاماژەی بەوەدا کە زۆرێک لەو دۆسیانەی لە حکوومەتی پێشووەوە گواستراونەتەوە چارەسەر کراون، هێشتا وێستگەیەک ماوە بۆ چارەسەرکردنی دۆسیەکانی دیکە.