رووماڵ

سەباح سوبحی: بەم نزیکانە نەوتی کوردستان هەناردە دەکرێت

ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بەهۆی فشارە نیودەوڵەتییەکانەوە بەم نزیکانە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە دەکریت.

چوارشەممە، 13ـی تشرینی دووەنی 2024، د. سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز، لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هەفتەی ڕابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبۆوە دەنگیان لەسەر بابەتێکدا لەسەر هەمووارکردنەوەی "ماددەی 12، ژمارە 2، بڕگەی جیم"، کە تایبەتە بە تێچووی گواستنەوەی  نەوتی هەرێمی کوردستان، کە پێشتر لە ژمارە 2 بڕگەی جیم باس لەوە کرابوو کە هەموو تێچووەکان وەک یەک لێ بکرێت بەهەموو عێراقەوە، کە لەلایەن وەزارەتیی نەوتی عێراق دەبێت.

ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز دەڵێت: "ئێستە گۆڕانکارییەکە ئەوەیە تێچووەکە دەستکاری دەکرێت، بەڕێگای نێودەوڵەتی ڕاوێژکاری هونەری ڕێککەوتن دەکرێت لە لایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتیی سامانە سروشتییەکان. ئەمەش وایکردووە هەرێمی کوردستان لەو گرێ کوێرەیە ڕزگاری بێت، بتوانێت لە ئایندەیەکی نزیکدا لە ئاستێکی باشدا، نەوتی کوردستان هەناردە بکرێت.

سەباح سوبحی دەشڵێت: "خاڵێکی دیکەشیان زیاد کردووە، دەڵێت: دەبێت ئەو نەوتە دەستبەجێ ڕادەست بکرێت بە ڕێگەی دەستنیشانکردنی 16 دۆلار بەکاتی تاکوو ئەو لایەنە کارەکانی خۆی دەکات و تێچووی دەرهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستان هی هەر کێڵگەیەک بەجیا ئینجا ئەو 16 دۆلارە کۆتایی پێدێت و دەچێتە قۆناغی خەملاندنی کرداری بۆ تێچووی دەرهێنانی نەوت".