یەشار گولەر: لەوانەیە ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر تورکیا

یەشار گولەر وەزیری بەرگریی تورکیا
یەشار گولەر وەزیری بەرگریی تورکیا

وەزیری بەرگریی تورکیا بە دووری نازانێت ئیسرائیل هێرش بکاتە سەر وڵاتەکەی. دەشڵێت "لەوانەیە ترەمپ لەم خولەی سەرۆکایەتییەدا سەربازانی ئەمەریکا لە سووریا بکشێنێتەوە."

چوارشەممە، 13ـی تشرینی دووەمی 2024، یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی ئەگەری هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەکەی، ڕایگەیاند "سەرۆک کۆمارمان لەسەر حەقە، هۆشداری دەداتە تەواوی کۆمەڵگە، چونکە ئەو ئەم مەترسییە دەبینێت. باشە ئاخۆ ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر تورکیا؟ بێگومان لەوانەیە هێرش بکات. ئەگەر سەرۆک کۆمارمان مەترسییەکی لەو جۆرە نەبینێت چۆن لێدوانێکی لەو جۆرەی دەبێت؟". 

لە وەڵامی پرسیارێکیشدا سەبارەت بەوەی ئایا ئەمەریکا لە سووریا دەکشێتەوە یان نا؟ وەزیری بەرگریی تورکیا گولەر ڕایگەیاند: "ترەمپ لە سەردەمی سەرۆکایەتییدا سێ جار فەرمانیدا بە کشانەوەی سەربازەکانی وڵاتەکەی لە سووریا. من وای بۆ دەچووم بەڕێز ترەمپ موکوڕ دەبێت لەسەر ئەمە و ڕەنگە هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا و ناوچەکە بکشێنێتەوە".