رووماڵ

سوودانی و عەلی باپیر جەختیان لەسەر هەوڵە هاوبەشەکان کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ چوارشەممە، 13-11-2024، سەرۆک وەزیرانی عێراق  محەممەد شیاع سوودانی لە شاری هەولێر، لەگەڵ سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان، عەلی بابیر کۆبووەوە". 

لە میانی دیدارەکەدا باس لە دۆخی گشتی وڵات کرا، و جەخت لەسەر هەوڵە هاوبەشەکان کرایەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و بەرزکردنەوەی هەماهەنگی نێوان هێزە سیاسییەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان کە پاڵپشتی سەقامگیری و ئاسایشی عێراق دەکەن.

سوودانی ڕایگەیاندووە، "سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق لە چوارچێوەی پەیوەندی و هەماهەنگی لەگەڵ سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان دێت، جەختی لە پەرۆشی حکوومەت کردەوە بۆ پەیوەندیکردن لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی دیکە، کارکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".

لای خۆیەوە عەلی باپیر سوپاسی سەرۆک وەزیرانی کرد بۆ ئەم هەنگاوە و ئاماژەی بەوەدا، حکوومەتەکەی سوودانی قبوڵکردن و متمانەی عێراقییەکان لە هەموو شوێنێک وەردەگرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 13-11-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، پێشوازی لە سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ محەممەد شیاع سوودانی کرد و لە دیداری نێوانیان کۆمەڵێک پرسیان تاوتوێ کرد، لەوانە مووچە، نەوت، سەرژمێری.