پزیشکێکی کورد یەکەم نەشتەرگەریی ڕۆبۆتیی بۆ چاندنی گورچیلە لە ئەمەریکا کرد
د. غازی ب. زێباری، خەڵکی هەرێمی کوردستان و دانیشتووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە هەنگاوێکی مێژووییدا یەکەم نەشتەرگەریی چاندنی گورچیلەی بەخشەری زیندووی بە یارمەتی ڕۆبۆت، لە لویزیانای باکوور، کرد.
لە سەنتەری پزیشکی ویلیس-نایتۆن نۆرس لە شرێڤپۆرت، د. زێباری بە بەکارهێنانی سیستەمی نەشتەرگەریی ڕۆبۆتیی پێشکەوتووی داڤینچی XI، ئەم نەشتەرگەرییە سەرکەوتووەی کرد کە چەندین سوودی گرنگی هەیە، لەوانە: کەمکردنەوەی ئازار، چاکبوونەوەی خێراتر و کەمکردنەوەی مەترسیی هەوکردنی برین.
د. زێباری، لە لێدوانێکیدا سەبارەت بەم رێکارە نوێیەوە دەڵێت: "ئەم تەکنۆلۆژیا نوێیە دەرفەتی دووەم دەداتە ئەو نەخۆشانەی کە پێشتر بەهۆی کێشی زۆر یان قەڵەوییەوە ڕەتکراونەتەوە." هەروەها جەختی لەوە کردەوە "ئەم پێشکەوتنە بە شێوەیەکی بەرچاو کوالێتی چاودێریی نەخۆشەکانی چاندنی گورچیلە باشتر دەکات."
د. زێباری کە خاوەن پێشینەیەکی درەوشاوەی ئەکادیمییە، دەرچووی زانکۆی تێنیسی و خاوەن فێلۆشیپی زانکۆی جۆنز هۆپکینزە. ئێستا وەک نەشتەرگەری چاندنی ئەندام لە سەنتەری چاندنی هەرێمی ویلیس-نایتۆن خزمەت دەکات و بە دەستکەوتە پزیشکییەکانی مایەی شانازی بۆ کۆمەڵگای کوردی و جیهانییە.
