سامان بەرزنجی: بودجەی پێویست بۆ کڕینی دەرمان دابین کراوە
وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە، سەرەڕای سنوورداربوونی بەشێک لە پشک و شایستەکانی عێراق، بە ڕەزامەندیی سەرۆکوەزیرانی هەرێم، بودجەی پێویست بۆ کڕینی دەرمان بۆ سەرجەم نەخۆشخانەکان دابینکراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 19ـی تشرینی یەکەمی 2026، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمی کردنەوەی بەشی راوێژکاری لە نەخۆشخانەی خەلیفان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران رایگەیاند، بە رەزامەندیی سەرۆکوەزیران بەردەوام دەبن لە دابینکردنی دەرمان بۆ سەرجەم نەخۆشخانەکان.
بەرزنجی روونیکردەوە، بەشێک لە دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان کە مافی هاووڵاتییانە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵەوە دابین دەکرێت، بەڵام بەشی سەرەکیی ئەو پێداویستییانە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دابین دەکرێت.
وەزیری تەندروستی بۆ کوردستان24 روونیکردەوە، ئەو دەرمانانەی لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە لە چوارچێوەی بودجەی حاکیمە دێت، سنووردارە و بەشی تەواوی پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان ناکات.
بەرزنجی جەختیکردەوە، بە رەزامەندیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بودجەی پێویست بۆ کڕینی دەرمان بۆ هەموو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان و دەڤەرەکان دابینکراوە و ئەو بۆشاییەی پڕکردووەتەوە.
بە گوتەی بەرزنجی، کێشەی کەمیی دەرمان لە هەندێک حاڵەتی وەک پڕۆژەی نیشتمانی، ڤاکسین، دەرمانە بایۆلۆجییەکان و دەرمانە دەگمەنەکان دروست دەبێت کە لەسەر ئاستی عێراق کەم دەبن.
سەبارەت بە دۆخی تەندروستی لە سۆران، وەزیری تەندروستی گوتی: "دابینکردنی دەرمان لە رێگەی بودجەی تایبەت بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی سۆران ئاستێکی باشی هەیە". دەرمانە سەرەکییەکان و ئەو دەرمانانەی بۆ بەشەکانی فریاکەوتن، چاودێریی چڕ و نەشتەرگەری پێویستن، لە نەخۆشخانەکەدا بەردەستن.