دهۆک.. 1500 کیسەی خوێنی فیلتەرکراو بۆ نەخۆشانی تالاسیمیا دابین کران

کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی  د. محەممەد حوسێن، سەرۆکی دەزگای تەندروستیی گشتیی کوردستان
کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیی د. محەممەد حوسێن، سەرۆکی دەزگای تەندروستیی گشتیی کوردستان

دەزگای تەندروستیی گشتیی کوردستان بە چاودێریی نووسینگەی مەلا مستەفا بارزانی، دەرمان و پێدویستیی پزیشکی بۆ منداڵانی تووشبووی تالاسیمیا لە پارێزگای دهۆک دابین کرد. 

شەممە، 16-11-2024، د. محەممەد حوسێن، سەرۆکی دەزگای تەندروستیی گشتیی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "بە چاودێریی نووسینگەی مەلا مستەفا بارزانی، بە گوژمەی زیاتر لە 40 ملیۆن دینار، زیاتر لە هەزار و 500 کیسەی خوێنی فیلتەرکراومان بۆ نەخۆشخانەی ژینی تایبەت لە دهۆک دابین کرد." 

سەرۆکی دەزگای تەندروستیی گشتیی کوردستان دووپاتی کردەوە "بەپێی تواناکانمان لە ماوەی ڕابردوودا، پێدوایستیی پزیکشیمان پێشکەشی سەنتەرە پزیشکییەکانی هەموو شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و لە ئاییندەشدا بە هەمان شێوە بەردەوام دەبین."

بە گوتەی د. محەممەد "تالاسیمیا نەخۆشییەکی بۆماوەییە و لە ئەنجامی کەمی خڕۆکە سوورەکانی خوێن پەیدا دەبێت. چوار جۆری هەیە کە بریتین لە ئەلفا، بێتا، دەلتا و گرووپەکان." ڕوونیشی کردەوە "تاوەکوو ئێستە هیچ چارەسەرییەکی پزیشکی بۆ نەخۆشی تالاسیمیا نەدۆزراوەتەوە، تەنها لە ڕێگەی گۆڕینی خوێنی تووشبوو، کاریگەرییەکەی کەم دەکرێتەوە."