ئۆکرانیا بە سەدان درۆن هێرشی کردە سەر مۆسکۆ

درۆنی ئۆکرانیا
درۆنی ئۆکرانیا

سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ رایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی رووسیا توانیویەتی لە کۆی 613 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکرانیا زۆربەیان بخاتە خوارەوە کە ئاراستەی مۆسکۆ کرابوون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی تشرینی یەکەمی 2026، سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ بە ئاژانسی سپۆتنیکی رووسی گوت: ئۆکرانیا 613 درۆنی ئاراستەی مۆسکۆ کرد، سەرەتا بەرگریی ئاسمانی توانیویەتی 30 درۆن بخاتە خوارەوە، پاشان 10 فڕۆکەی دیکەش لە رێگەیان بۆ پایتەخت تێکشکێنراون.

سۆبیانین لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە "ماکس" نووسیویەتی، لە کاتژمێر 20:30 خولەکی شەوی رابردوو تا 07:00ـی بەیانی ئەمڕۆ، 613 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەرەو مۆسکۆ هەڵدراون.

 سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ روونیکردەوە، هێزەکانی بەرگریی ئاسمانیی رووسیا زۆربەی فڕۆکەکانیان لە مەودایەکی دووردا پووچەڵ کردووەتەوە و 231 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش لە کاتی نزیکبوونەوەیان لە مۆسکۆ تێکشکێنراون.

ئاژانسی "رووسیا ئەلیەوم" بڵاویکردەوە، دەزگای فڕۆکەوانیی مەدەنیی رووسیا رایگەیاند، شەو و بەرەبەیانیی پێنجشەممە، سنووردارکردنی کاتی بۆ جموجووڵی فڕۆکەوانی لە فڕۆکەخانەکانی ژوکۆڤسکی، دۆمۆدیدۆڤۆ و ڤنۆکۆڤۆ لە دەوروبەری مۆسکۆ دانراوە.

لە شوباتی 2022ـەوە رووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا و بەشێکی ئەو خاکەی کۆنترۆڵکرد، هەروەها دەیان هەزار کەس کوژراون و بریندار بوون، بە ملیۆنان ئۆکرانیش ئاوارەی ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بوون، هاوکات چەند جارێکیش ئاڵوگۆڕی دیلەکان کراوە لەنێوانیان.