سەرژمێرێک بۆ کوردانی کەرکووک: خوێنتان بۆ ئەم شارە ڕشتووە، وەرنەوە خۆتان تۆمار بکەن

سالار شێخ بزێنی، سەرژمێر و سەرپەرشتی تیمەکانی گەڕەکی کوردستانی شاری کەرکووک
سالار شێخ بزێنی، سەرژمێر و سەرپەرشتی تیمەکانی گەڕەکی کوردستانی شاری کەرکووک

سەرژمێرێک داوا لە هاووڵاتییانی کوردی کەرکووک، ئەوانەی نیشتەجێی دەرەوەی شارەکەن، دەکات "بۆ چەند کاتژمێرێکیش بێت بگەڕێنەوە و خۆیان ناونووس بکەن."

ئەمڕۆ شەممە، 16-11-2024، پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان بە شێوەی کردەیی (عملي) لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەستی پێ کرد. 

سالار شێخ بزێنی، سەرژمێر و سەرپەرشتی تیمەکانی گەڕەکی کوردستانی شاری کەرکووک، بە سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "داوا لە هەموو هاووڵاتییانی کەرکووک دەکەم کە چوونەتە شارەکانی هەرێمی کوردستان یان شارەکانی دیکەی عێراق، بێنەوە و لە ماڵی خزم و کەسوکاریان، لەسەر ئەم شارە خۆیان ناونووس بکەن."

سالار شێخ بزێنی، پەیامێکی ئاراستەی هاووڵاتییانی کوردی کەرکووک کرد کە شارەکەیان بەجێهێشتووە: "خوێنی ڕۆڵەکانتان پێشکەشی شاری کەرکووک کردووە، ئێستە ئامادەنین کاتژمێرێک لە کاتەکان تەرخان بکەن و بێن لێرە سەرژمێریی بکەن؟"

ئەو سەرژمێرە پێی وایە "پرۆسەی تەعریب لە شاری کەرکووک بە سیستەم کراوە، بەڵام ئێمە لە بەرانبەردا دەبێت بە گڕوتینەوە کار بۆ گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی کورد بۆ ئەم شارەیە بکەین، بۆ ئەوەی خۆیان ناونووس بکەن؛ چونکە کەسانێک لە تکریت و سامەڕا و شوێنەکانی دیکەوە دێنە ئێرە و خۆیان تۆمار دەکەن، ئەمەش مەترسیی بۆ کورد زۆرە."

وەکوو ئەوەی ناوبراو باسی کرد "بەشێکی هاووڵاتییانی کوردی کەرکووک بە دەم بانگەوازییەکەی ئێمەوە هاتوون و گەڕاونەتەوە. یەکێک لەوان هاووڵاتییەکی تەمەن 72 ساڵ بوو کە لە دەرەوەی وڵات گەڕاوەتەوە بۆ ئەوەی لەم شارە ناوی خۆی تۆمار بکات."