دەستەی دادوەریی وەڵامی 38 تانەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دایەوە

دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان
دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان

لە کۆی 41ـیان، دەستەی دادوەریی وەڵامی 38 تانەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دایەوە.

شەممە، 16-11-2024، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، دەستەی دادوەریی وەڵامی 38 تانە کە لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکرابوون، داوەتەوە و وەڵامی ئەوانەی ماونەتەوە، لەم هەفتەیەدا دەدرێتەوە. 

ڕۆژی پێنجشەممە، 31-10-2024، دەرگای تانەدان لە ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرایەوە و 41 تانە لەلایەن حزبە سیاسییەکانەوە تۆمار کران کە 25ـیان لە سلێمانی، 12یان لە هەولێر، سێیان لە دهۆک و تانەیەکیش لە هەڵەبجە بووە.

بە گوێرەی یاسا، پێویستە دەستەی دادەوەریی 10 ڕۆژ دوای وەرگرتنی تانەکان لەلایەن کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە، وەڵامی تانەکان یەکلایی بکاتەوە. بڕیاریش وایە، دوای یەکلاییبوونەوەیان، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان پەسند بکات.