وەزیری پێشمەرگە: پێویستە پرۆسەی یەکخستنەوەی پێشمەرگە تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2026 تەواو ببێت

وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند "توانیومانە بەشێکی زۆری کارنامەی چاکسازی جێبەجێ بکەین، لە ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان."

شەممە 16-11-2024، شۆرش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئاهەنگی دەرچوونی خوێندکارانی خولی چوارەمی پێگەیاندنی ئەفسەران لە کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان لە وتارێکیدا گوتی: "پێویستە ئەوەی لە زانستی سەربازی و مەشق و ڕاهێنانەکان فێربوون، بەردەوام برەوی پێ بدەن و بیخەنە خزمەتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان."

شۆرش ئیسماعیل گوتیشی: "لەماوەی دەستبەکاربوونم لە وەزارەتی پێشمەرگە، ئامانج و بنەمای کارکردنمان بۆ بە دامەزراوەیی کردنی وەزارەتی پێشمەرگە و ڕێکخستنەوەی کاروبارەکان و سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵی و ڕۆتینات بووە، لەسەرووی ئەوانەشەوە ئامانجمان بونیادنانی سوپایەکی یەکگرتووی نیشتیمانیە کە پارێزگاری لە خاکی کوردستان بکات لە بەرامبەر هەر مەترسییەک لە ئێستا و داهاتوودا کە ڕووبەڕوومان ببێتەوە."

باسی لەوەش کرد "توانیومانە بەشێکی زۆری کارنامەی چاکسازی جێ بەجێ بکەین، لە ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، ئەویش لە چوارچێوەی بونیادنانی دوو دەڤەر و 11 فیرقەی سەربازیدا لەژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی پێشمەرگە، کە پێویستە ئەو پرۆسەیە تاوەکوو کۆتایی ساڵی 2026 تەواو ببێت."

ئاماژەی بەوەش کرد "ئەمە دەستکەوتێکی مێژووییە بۆ گەلی کوردستان، هێزی پێشمەرگەی کوردستان، کە  وا دەکات پێشمەرگە ببێتە هێزێکی یەکگرتووی نیشتیمانی، لە ئاستی هێزە سەربازییەکانی ناوچەکەدا."

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment