فازڵ میرانی: دەخوازم سلێمانی ببێتەوە شارە حەیاتەکەی جاران

فازڵ میرانی
فازڵ میرانی

لە بەرنامەی بۆ هەمووانی کوردستان24، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دەخوازم سلێمانی ببێتەوە شارە حەیاتەکەی جاران، گوتیشی:یەک هێزی پێشمەرگە ئاسان نییە، مەحاڵیش نییە.

شەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2024، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەرنامەی بۆ هەمووانی کوردستان24 کە سەهێن موفتی پێشکەشی دەکات، گوتی: کوردستان پێویستی بە کردارە نەک گوتار،لە عێراق هەر کاتێک شۆڕشی کورد بەهێز بووبێت و عێراق بێ هێز بووبێت، کرانەوە دروست بووە و تەنازولیان کردووە، عێراق وڵاتێکی بەهێز نییە، بەڵام بەرامبەر بە ئێمە خۆی بەهێز دەبینێت چونکە ئێمە لەنێو خۆماندا بێ هێزین. 

فازڵ میرانی دەڵێت: هاتنی محەمەد شیاع سوودانی بۆ کوردستان ئاماژەیەک بوو بۆ ئەوەی بە کورد بڵێت هاتووم یارمەتی ئێوە بدەم، هاوکات بۆ ئەوەی نیشانی تورکیا و ئێرانی بدات کە ئێمە لە عێراق زمانێکی هاوبەشمان هەیە، بە ئیدارەی ئەمەریکی نوێش بڵێت: پەیوەندییەکانی کوردستان و بەغدا باشە.

گوتی: ئاسان نییە شیکردنەوە بۆ کارکردنی ئەو سەرۆکە نوێیەی ئەمەریکا بکرێت، چونکە پیاوی کارە، ئەوانەی لە بزنس کاردەکەن مشورەت ناکەن، بڕیار دەدەن، ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەمەریکا بەلای ئەمەریکاییەکان لە پێشەوەی هەموو شتێکە، سیاسەتی ئەمەریکا جێگیرە و نەگۆڕە، بەڵام ئەمەریکا دەبێت هەوڵێک بدات متمانە بداتەوە  هاوپەیمانەکانی.

فازڵ میرانی گوتی: ئێمە وەک پارتی پشتیوانی چارەسەریی کێشەی کورد بووینە لە پارچەکانی دیکە بەشێوەیەکی ئاشتی، خۆشمان نەکردووەتە بەدیلی هیچ حزبێک لەو پارچانە.

لەبارەی دانووستانەکانی دوای هەڵبژاردن، فازڵ میرانی گوتی: پێویستە پێشتر تیشک بخەینە سەر پێکهێنانی پەرلەمان، سەرۆکی هەرێم هەڵبژێرین، دوای ئەوە حکوومەت هێواش هێواش دروست بکەین، ئاماژەی بەوەشکرد کە پێویستە بەپێی تواناکان لایەنەکان خواستیان هەبێت، گوتی: شتێک نییە ڕێگریی لە دروستبوونی حکوومەت بکات بە مەرجی ئەوەی بەرژەوەندی وڵات و میللەت لەسەرووی بەرژەوەندیی حزبەکان بێت.

گوتیشی: لایەنێک دەیانەوێت خەڵکی وەک ئەوان بیر بکاتەوە، نابێت ئەوەی تۆ دەتەوێت، خەڵک بەو شێوەیە بیر بکاتەوە، ئەگەر کوردستان نەبێت ئێمە نابین.

فازڵ میرانی دەڵێت:ڕێزی مام جەلال ئەوە نەبوو بیگۆڕین و بیشکێنین و دەریان کەین، مام جەلال ئەو شێوازەی لەگەڵ پارتی بەکار نەدەهێنا، مام جەلال کوردستانی لا مەبەست بوو، ڕێبازەکەی مام جەلال پەیڕەو ناکرێ، ئەوە کێشەیەکە ئێمە ڕووبەڕووی دەبینەوە، دەستی دەرەکی کوردستانی دابەشکردووە و دەستەکەش هەر ماوە.

لەبارەی بەشداریی پێکهاتەکان لە حکوومەتی داهاتوو، فازڵ میرانی گوتی: با پرسی یەکەم و دووەم چارە بکەین، ئینجا دێینە سەر کێشەی پێکهاتەکان، ئێمە بە بڕیاری سەرۆک بارزانی وشەی کەمینەمان لە فەرهەنگی خۆمان لاداوە، ڕێککەوتنی یەکێتی یاخود پارتی لەگەڵ پێکهاتەکان بەبێ یەکتر کێشەکە چارە ناکات، بەڵام چارەکردنی کێسەی نێوان ئێمە و یەکێتی، کێشەی پێکهاتەکانیش چارە دەکات.

لەبارەی دەستکەوتەکانی پارتی لە هەڵبژاردن، فازڵ میرانی گوتی: ئەگەر ساختە لە هەڵبژاردن نەکرێت، پێویستە ڕازی بیت بە ئەنجامی هەڵبژاردن، ئەگەر بڕوا بە هەڵبژاردن بکەین، دەبێت باوەڕمان بە دۆڕان و سەرکەوتن هەبێت، ئەگەر ئەوە نەبوو، نابێت بانگەشەی دیموکراسیی بکەین، هەرچەند هەڵبژاردن مانای ئەوە نییە هەر کەس هەڵبژاردنی کرد دیموکراسییە، بەڕای منیش هەڵبژاردنەکە دیزاین نەکرابوو، ئێمە میللەتمان لەگەڵە ئەگەر کورسیشمان کەمی کردبێت.

گوتیشی: وەک پارتی 800 هەزار دەنگمان هەیە، لەگەڵ دەنگی نەینەواو کەرکووک و ناوچەکانی ماددەی 140ـی بخەینە سەر، دەنگی پارتی لە ملیۆنێک دەنگ ڕەت دەکات، ڕەنگە لە پەرلەمانی عێراق کورسیەکانمان زیاد بکات، دەشڵێت: ئەگەر یەک بازنە بووایە، ڕەنگە پارتی 44 بۆ 45 کورسی دەست خستبا.