دەیڤد تافوری: کوردستان شوێنێکی ئارامە بۆ وەبەرهێنان
سەرۆکی ئەنجوومەنی بازرگانی ئەمەریکا-کوردستان ڕایگەیاند: کوردستان شوێنێکی ئارامە بۆ وەبەرهێنان، دەشڵێت: کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان دەیانەوێت کارەکانیان لە کوردستان فراوانتر بکەن.
دەیڤد تافوری، سەرۆکی ئەنجومەنی بازرگانی ئەمەریکا ـــ کوردستان میوانی باسی ڕۆژی کوردستان24 بوو، ئاماژەی بەوەدا، لە داهاتوودا دەیانەوێت وەبەرهێنانی زیاتر لە کەرتی کشتوکاڵ بکەن.
دەیڤد تافوری، سەرۆکی ئەنجومەنی بازرگانی ئەمەریکا ـــ کوردستان گوتی: زۆرێک لەو کۆمپانیایانەی لەگەڵمان هاتوون، پێشتر وەبەرهێنانیان لە هەرێمی کوردستان کردووە، هەندێکی دیکەشیان کۆمپانیای نوێن و دەیانەوێت بەدوای دەرفەتی وەبەرهێناندا بگەڕێن لە هەرێمی کوردستاندا، دەڵێت: ئەو کۆمپانیایانەی لە کوردستان کاریان کردووە، ئەزموونێکی زۆر باشیان هەبووە، بۆیە دەیانەوێت کارەکانیان و ئامادەیی کۆمپانیا ئەمەریکاییەکان فراوانتر بکەن.
دەیڤد گوتی: بەڕاستی کوردستان شوێنێکی سەلامەتە بۆ وەبەرهێنان، هیوا خوازین حکوومەتی نوێ زوو پێکبهێنرێت، بۆ ئەوەی بەردەوامیی بە بەرنامەی چاکسازیی بدرێت، هاوکات دەمانەوێت وەبەرهێنانی زیاتر لە کەرتی کشتوکاڵدا بکەین، دەشزانین کە ئەمە یەکێکە لە کارە لە پێشینەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتی: بڕوامان وایە کردنەوەی بۆری نەوتی عێراق-تورکیا، گرنگە بۆ ئەو نەوتەی بە یاسایی لە کوردستان بەرهەم دێت، بگاتە بازاڕەکانی جیهان.
دەیڤد گوتی: دڵخۆشم گەڕاومەتەوە هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەبوو، بەڕێزیان جەختیان لە دۆخی ئەمنی ناوچەکە و وەبەرهێنان کردەوە، لەبارەی کەرتی نەوت و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیش گفتوگۆمان کرد، ئەوەندەی پێمان بکرێت کار بۆ هەناردەکردنەوەی دەکەین، لەپێناو گەشەسەندن و بوژاندنەوەی ئابووری کوردستان. چەندین دەرفەتی زۆر باش هەن لە کەرتە جیاوازەکانی وەک کشتوکاڵ و گەشتوگوزاریش، جیا لەو کۆمپانیایانەی لێرە کاردەکەن، چەند کۆمپانیایەکی دیکەی نوێشمان هێناون تاوەکو لە هەرێمی کوردستان لەو کەرتانە وەبەرهێنان بکەن، چەندین کۆمپانیای دیکەی ئەمەریکیش هەن چاویان لەوەیە بگەڕێنەوە و لێرە وەبەرهێنان بکەن."