ئاری ئەحمەد: ڕێژەی ئەنجامدانی پرۆژەی تێکڕای خەرجی سفڕی ئاو لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان گەیشتە سەدا 70
بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایگەیاند، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، ڕێژەی ئەنجامدانی پرۆژەی تێکڕای خەرجی سفڕی ئاویان لە پارکی سامی عوبدولڕەحمان گەیاندووەتە سەدا 70.
دووشەممە 18ـی تشرینی دووەمی 2024، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: پرۆژەی تێکڕای خەرجی سفڕی ئاو لە پارکی سامی عەبدولڕەحمانی هەولێر کە پاڵپشتی دارایی 505000 دۆلاری ڕێکخراوی یونسێف و 110 ملیۆن دیناری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێژەی ئەنجامدانی گەیشتووەتە سەدا 70 و لە قۆناغی یەکەمیشدا دوای کارپێکردنی پرۆژەکە، دوو بیر لە کۆی 20 بیری ئەو پارکە دادەخرێن، دەڵێت: ئەو پرۆژەیە ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هەنووکەییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا، بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ دەشڵێت: هەرێمی کوردستان بەپێی ڕێککەوتننامەی پاریس، پابەندە بە ئەنجامدانی پرۆژەی کرداری و داهێنەرانە کە بەشدارن لە ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەش و هەوا.
ئاری ئەحمەد گوتیشی: بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ بەهاوبەشی ڕێکخراوی یونسێف و سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر، ئەرکی جێبەجێکردنی پرۆژەکەیان خستە ئەستۆی خۆیان کە دانانی سیستەمێکی ڕیسایکلینی ئاوە و توانای پاڵاوتنی 800 مەتر سێجا ئاوی پیسی هەیە لە ڕۆژێکدا وەک قۆناغی یەکەم، دەتوانرێت وەکو سەرچاوەیەکی گرنگیی ئاو پشتی پێ ببەسترێت بۆ ئاودانی پارکی سامی عەبدولڕەحمان.
بەڕێوەبەری گشتی ئاو و ئاوەڕۆ ئاشکرای کرد کە، پرۆژەکان ناوەستن و بەڵکو فراوانتر دەبن بە دانانی سیستەمی زیاتری پاڵاوتنی ئاو کە بگاتە 2400 مەتر سێجا ئاو لە رۆژێکدا ، بۆ ئەوەی ڕێژەی ئاوی ڕیسایکڵینگ بەرزبێتەوە و پێویستی پارکەکە پڕ بکاتەوە، هاوکات جێبەجێکردنی پرۆکەی وزەی خۆر بۆ دابینکردنی کارەبای سیستەمی ڕیسایکڵینگەکە کە لەناو پارک جێگیر دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد کە، توێژینەوەی دیکە دەکرێت لەسەر دۆخی ئاودێری و چاودێریکردنی پرۆسەی ئاودان بە گشتی لەنێو پارکەکە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای هەستەوەری پێوانی ڕادەی شێ، سەرباری پێشنیازکردنی تەکنیکی سەردەمیانەی ئاودێری بۆ ناو پارکەکە و هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی ئاو لەکاتی ئاودانی سەوزاییەکانی پارکەکە.