زریانێکی بەهێزی خۆڵبارین پارێزگای نەجەفی گرتەوە
پارێزگای نەجەف ئەمڕۆپێنجشەممە،29ـی تشرینی یەکەمی 2026، دووچاری زریانێکی بەهێزی خۆڵبارین بووەوە، کە لەگەڵ خۆیدا بایەکی توند و بارانبارینی چڕی لە ناوچەکانی بادیەی نەجەف و دەوروبەری سەنتەری نەجەف هێنا. ئەم دۆخە کەشوهەواییە مەودای بینینی لەو ناوچانەدا بەشێوەیەکی بەرچاو کەم کردووەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییە بڵاوکراوەکان لەبارەی دۆخی کەشوهەواوە، شەقام و گەڕەکەکانی نەجەف بەهۆی ئەو بایە بەهێزەوە بە تەواوی بە خۆڵ و تۆز داپۆشراون. هاوکات لەگەڵ ئەم زریانە، ناوچەکانی بادیەی نەجەف و دەوروبەری سەنتەری نەجەف شایەتی بارانێکی بەخوڕ بوون.
بەرپرسانی خۆجێیی بەمەبەستی پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، داوایان لە شۆفێران کردووە خێرایی ئۆتۆمبێلەکانیان کەم بکەنەوە و لە کاتی لێخۆڕیندا زۆر وریابن. بەرپرسان جەختیان لەوە کردووەتەوە، پێویستە شۆفێران مەودایەکی سەلامەتیی گونجاو لە نێوان ئۆتۆمبێلەکاندا بپارێزن و گڵۆپەکانی پێشەوەی ئۆتۆمبێل هەڵبکەن. هەروەها داوایان لێکردوون لە هەر جۆرە سەرکێشی و تێپەڕاندنێکی مەترسیدار خۆیان بەدوور بگرن.
لەلایەکی دیکەوە و لە رووی تەندروستیی گشتییەوە، هۆشداری دراوە بەو کەسانەی نەخۆشییەکانی کۆئەندامی هەناسە و هەستیارییان هەیە. لەم دۆخەدا کە هەوا بە خۆڵ و تۆز تەنراوە، داوا لەو هاووڵاتییانە کراوە بۆ پاراستنی سەلامەتییان لە ماڵەکانیان دەرنەچن.