كێشەكانی یانەی رانیە بە ئامادەبوونی 300 گەنجی خۆبەخش چارەسەر كرا

بەختیار حەسەن: لە ئێستاوە ئامادەكاری دەكەین بۆ یاریی یەكشەممەی داهاتوو بەرامبەر یانەی دەربەندیخان.

دوای ئەوەی یاریزانانی یانەی رانیە بەهۆی وەرنەگرتنی مووچەكانیان بایكۆتی یاریی رابردووی یانەكەیان بەرامبەر شێروانە كرد و بە دۆڕاویش هەژمار كران، لە كاردانەوەیەكدا سەرپەرشتیاری یانەی رانیە بە كوردستان24ـی راگەیاند كێشە داراییەكانی یانەكە چارەسەر كران و بەزووترین كات راهێنەر و یاریزانەكان مووچەیەك وەردەگرن.
لە گەڕی سێیەمی خولی نایابی كوردستان، یانەی رانیە بۆ رووبەڕبوونەوەی یانەی شێروانە نەهاتنە نێو یاریگە، بەمەش ناوبژیوان فیكەی سەركەوتنی بۆ یانە كەلارییەكە لێ دا و یارییەكە بە 3 گۆڵی بێوەڵام لە بەرژەوەندی شێروانە هەژمار كرا.
بەختیار حەسەن سەرپەرشتیاری تیپی تۆپی پێی یانەی رانیە لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24 رایگەیاند هەنگاوی باشیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بڕیوە، دەشڵێت: لە دوایین كۆبوونەوەمان 300 گەنجی خۆبەخش و دڵسۆز و هاندەری یانەی رانیە ئامادەی كۆبوونەوەی دەستەی كارگێری یانەی رانیە بوون و بەشداربوون لە چارەسەركردنی كێشەكان و بەڵێنی ئەوەیاندا لە هەموو دۆخێكدا دەستبار و پاڵپشتی یانەكە بن.
بەختیار حەسەن جەختی لەوەش كردەوە لەگەڵ سەرپەرشتیاری ئیدارەی ڕاپەڕین كۆبووینەتەوە و بە زووترین كاتیش مووچەیەك بەسەر راهێنەر و یاریزانەكان دابەش دەكرێت، گوتیشی: لە ئێستاوە ئامادەكاری دەكەین بۆ یاریی یەكشەممەی داهاتوو بەرامبەر یانەی دەربەندیخان.
یانەی رانیە وەرزی رابردوو دوای 22 ساڵ لە چاوەڕوانی گەڕانەوە خولی نایابی كوردستان و لە ریزەندی چوارەم كۆتاییان بە وەرزی 2023 ـ 2024، هێنا بۆ ئەم وەرزە لە كۆی 3 یاری، بردنەوەیەك و دوو شكستی هەیە.