وەزارەتی پلاندانانی عێراق: بژمێرەکان سێ جار سەردانی ماڵەکان دەکەن

وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند: سبەی کاتژمێر 7ـی بەیانی پرۆسەی سەرژمێری دانیشتووان دەست پێ دەکات، هەروەها لە پرۆسەکەدا زیاتر لە 130 هەزار بژمێر بەشدار دەبن.
ئەمڕۆ سێشەممە 19ـی تشرینی دووەمی 2024، عەبدولفەتاح ڕەئووف، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کاروباری تەکنیکی لە دەستەی ئامار و سەرۆکی بەشی تەکنیکی و مەیدانی بۆ سەرژمێری لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق، بە ئاژاسنی هەواڵی عێراقی گوت: سبەی بژمێرەکان لە کاتژمێر 7ـی بەیانییەوە، بە مەبەستی پشتڕاستکردنەوەی ئەو زانیارییانەی کە پێشوەختە بە شێوەی ئەلیکترۆنی تۆماریان کردووە سەردانی ماڵەکان دەکەن.
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا، بژمێرەکان سێ جار سەردانی ماڵەکان دەکەن بۆ پشتڕاستکردنەوەی زانیاری و داتاکان. هاوکات گوتی: بژمێرەکان دەستەواژەی "خانووەکە داخراوە" لەسەر ئەو خانووانە دەنووسن، کە دانیشتووانەکەی دەرگە ناکانەوە یاخوود لەوێ نین، دوای ئەوەی سێ جار بۆ دڵنیابوونەەوە سەردانیان دەکەن.
ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە دەڵێت: ژمارەی بژمێرەکان 130 هەزار کەسی تێپەڕاندووە ئەمە جگە لە سەرپەرشتیاران.
بڕیارە لە 20 و 21ـی ئەم مانگە لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان بەڕێوە بچێت.