عێراق هەنگاوێكی دیكە لە گەیشتن بە مۆندیال نزیك دەبێتەوە
هەڵبژاردەی كوێت دیارییەكی گەورەی بە عێراقییەكان بەخشی
هەڵبژاردەی عێراق بە سەرکردایەتی یاریزانە کوردەکانی، سێ خاڵی گرنگی لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال بەدەستهێنا، لە لایەكی دیكەیشەوە كوێتییەكان بە یەكسانبوون لەگەڵ ئوردن دیارییەكی گەورەیان بە شێرەكانی رافیدەین بەخشی.
هەڵبژاردەی عێراق لە گەڕی شەشەمی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئاسیا، بە سەرکردایەتی چوار یاریزانی کورد، بووە میوانی هەڵبژاردەی عوممان و یارییەکەشی، بە ئەنجامی گۆڵێکی بێ وەڵام بردەوە.
لە خولەکی 36 ئەحمەد یاسین یاریزانە کوردەکەی عێراق، ئاسیستی بۆ هاونیشتیمانیە کوردەکەی واتە یوسف ئەمین کرد، ئەو یاریزانەش توانی تاکە گۆڵی یارییەکە تۆمار بکات، هاوكات یوسف ئەمین بە باشترین یاریزانی یارییەكەش دیاریكرا.
بەم بردنەوەیە عێراق کۆی خاڵەکانی گەیاندە یازدە خاڵ و بۆ پلەی دووەمی ریزبەندی کۆمەڵەی دووەم سەرکەوت. بڕیاریشە عێراق گەڕی داهاتوو مانگی ئاداری ساڵی داهاتوو، رووبەڕووی هەڵبژاردەی فەڵەستین ببێتەوە.
خیسۆس كاساس راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق دوای یارییەكە رایگەیاند سەركەوتنێكی گرینگ و گەورەیان لە یارییەكی قورس و سەخت بەدەستهێنا، گوتیشی: نابێت بەهۆی یارییەكەی ئوردن گلەیی لە یاریزانەكانم بكرێت، خۆ ئەوان ئامێر نین، زۆر ئاساییە لە هەندێك یاریی باش دەردەكەون، لە هەندێك یاریش باش دەرناكەون.
كاساس جەختی لەوەش كردەوە لە پێكهاتەی سەرەكی بەرامبەر عومان زیاتر دەرفەتی یاریكردنم بەو یاریزانانەدا كە توانای هێشتنەوە و كۆنترۆڵكردنی تۆپیان هەیە.