هەر هاووڵاتییەک بەشداری سەرژمێری نەکات لە داهاتوودا تووشی کێشە دەبێت
لە سەرژمێری ئەو کەسانەی شوێنی نیشتەجێبوونیان گۆڕاوە 16 پرسیاریان لێ دەکرێت و هەر هاوولاتییەک بەشداری سەرژمیری نەکات لە داهاتوودا تووشی کێشە دەبێت.
وەزارەتی پلاندانی عێراق جارێکی تر دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان کە سەرژمێری گشتی لە عێراق هیچ مەرامێکی سیاسی له پشتەوە نییە، داوا لە هاووڵاتیانی سنوری ناوچە دابڕێنراوەکان و ئاوارەکان دەکات بەشداری لە پڕۆسەکە بکەن و ناوخۆیان تۆمار بکەن و زانیاری دروست بە تیمەکان بدەن، لای خۆیەوە شارەزایەکی بواری ئاماریش دەڵێت: "هەر هاووڵاتییەک بەشداری نەکات لە داهاتوودا کێشەی بۆ بەڕێکردنی مامەڵە دروست دەبێت لە دامودەزگانی دەوڵەت، چونکە بەشداری لە سەرژمێری نەکردووە و ئەرشیف و زانیاری لای حکومەت نییە".
گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند، پلانی سەرژمێری تەنها بۆ مەبەستی گەشەپێدانی گشتیی داڕشتووە. دڵنیایی دەداتە هاووڵاتیان و ئاوارەکان و دانشتوانی ناوچە دابڕێنراوەکان تاکو بەشداری لەو پڕۆسەیە بکەن و ناوی خۆیان تۆمار بکەن، حکوومەتی عێراقی کار بۆ ئەوە دەکات ئەو ترسە بڕوێنێتەوە کە دەگوترێت ئەنجامی سەرژمێریەکە بەهۆی ئاوارەکان و ئەوانەی شوێنی نشتەجێبوونی خۆیان گۆڕیوە، دیمۆگرافیای سنوری پارێزگاکان و شوناسی هاووڵاتیان دەشێوێنێت.
عەبدولزەهرە هنداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانان عێراق گوتی: "ئەوانەی کە شوێنی نشتەجێبوونیان گۆڕاوە، پرسیاریان لێ دەکرێت شوێنی ئێستە و شوێنی ڕابردوویان و ماوەی چەندە شوێنیان گۆڕیوە، هۆکارەی گواستنەوەیان چی بووە، 16 پرسیاریان لێ دەکرێت لە بارەی ئاوارەبوونیان و ئەبێت وەڵامەکانیان دروست بێت بۆ ئەوەی شوناسی خۆیان لە دەست نەدەن".
تۆمارکردنی داتا و زانیاری خێزان و کەسی و خانوو و تەنانەت پێداویستەکانی دیکە لە لایەن تیمەکانی سەرژمێری، لە داهاتوودا دەبێتە هەوێنی ئاماری دروست بۆ دامودەزگاکانی دەوڵەت ، بۆیە هەر کەسێک بە بێ هۆکار بەشداری پڕۆسەکە نەکات، لە سەرجەم فەرمانگە حکوومیەکان کێشەی ڕاییکردنی مامەڵەی بۆ دروست دەبێت .
لەوبارەوە موزەفەر کەرخی، شارەزا له بواری ئامار بە کوردستان24ی گوت: "ئەگەر بەشداری نەکەیت و ناوی خۆت تۆمار نەکەیت، ئەوە تۆ لە داهاتوودا لە دامودەزگاکانی حکومەت ئەرشیفت بۆ خۆت و نەوەکانت نابێت، بۆیە تکایە خۆتان تووشی ئەو سەر ئێشەیە مەکەن، چونکە ئەمە دەبێتە مێژوو بۆ عێراق، عێراقیەکان دەبێت پارێزگاری لە شوناس و ڕەچەڵەکی خۆیان بکەن، وەک هاووڵاتییەک دەبێت تەواوی زانیاریەکانت لای حکوومەت هەبێت بۆ داهاتوتان گرنگە".