ئاماری هەولێر: وادەی تۆمارکردنی هاووڵاتییان لە سەرژمێری درێژ ناکرێتەوە
بەڕێوەبەری گشتیی ئاماری هەولێر بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێری لە سنووری پارێزگاکە بە "زۆر سەرکەوتوو" ناو دەبات؛ بە دووریشی دەزانێت وادەی تۆمارکردن درێژ بکرێتەوە.
دوێنێ چوارشەممە، 20-11-2024، پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان لە عێراق، هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی سەر بە ماددەی 140 دەستی پێ کرد و تاوەکوو کاتژمێر 12:00ـی ئەمشەوی پێنجشەممە، 21-11-2024، بەردەوام دەبێت.
د. دڵزار حەمەساڵح، بەڕێوەبەری گشتیی ئاماری هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "ئەوەی دوێنی چوارشەممە، 20-11-2024، لە کاتی پرۆسەی سەرژمێریی بینیمان، جێگەی دڵخۆشی بوو. هاووڵاتییان لە ئامادەباشییەکی تەواودا بوون بـۆ پێشوازیی لە بژمێرەکانمان، ئەمەش بۆ ئاستی بەرزیی هۆشیاریی خەڵک لەبارەی سەرژمێریی دەگەڕێتەوە."
د. دڵزار حەمەساڵح، پرۆسەی سەرژمێریی لە سنووری پارێزگای هەولێر بە "زۆر سەرکەوتوو" ناو برد و وەکوو خۆی باسی کرد "هاووڵاتییان پابەندی قەدەغەی هاتوچۆ بوون بەبێ ئەوەی هیچ ڕێکارێکی ئەمنیش بگیرێتەبەر."
بەڕێوەبەری گشتیی ئاماری هەولێر، هیواشی خواست ئەمڕۆش هاووڵاتییان هاوکاریی تیمەکانیان بن، "چونکە تاوەکوو کاتژمێر 12:00ـی شەو دەرفەت هەیە بۆ تۆمارکردنی ناوی هەموو خێزانەکان و دوای ئەو ماوەیە، سیستەمەکە دادەخرێت و وادەی تۆمارکردن بە هیچ شێوەیەک درێژ ناکرێتەوە؛ بۆیە، لە ڕێگەی مایکی ئێوەوە داوا لە هاووڵاتییان دەکەم لە ماڵەکانیان بمێننەوە."
لەبارەی ئەوەی قۆناغی داهاتووی سەرژمێریی چی دەبێت، د. دڵزار گوتی: "لە سبەینێ هەینییەوە، 22-11-2024، قۆناغی کۆتایی پرۆسەی سەرژمێریی لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەست پێ دەکات و بڕیارە تاوەکوو 10-12-2024 بەردەوام بێت. لەم قۆناغەدا، 77 پرسیاری تایبەت بە خێزان، لە هاووڵاتییان دەکرێن."
لەبارەی وادەی ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانیش، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد "لەبەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، چاوەڕێ دەکرێت وادەی ڕاگەیاندنی ئەنجامی سەرژمێریی گشتی، کەمێک دوا بکەوێت."