وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بۆ کوردستان24: پشتیوانی لە سەرژمێری دەکەین و داواش لە هاووڵاتییان دەکەین بەشداریی بکەن
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پشتیوانیی خۆی بۆ پرۆسەی سەرژمێری لە عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە و داواش لە هەموو هاووڵاتییان دەکات تێیدا بەشدار بن.
پێنجشەممە، 21-11-2024، ساموێل وۆربێرگ، گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە لێداونێکدا بۆ ماڵپەری کوردستان24، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراق، هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی سەر بە ماددەی 140 دووپات کردەوە.
گوتەبێژی هەرێمیی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا داوای لە هەموو هاووڵاتییانی عێراق و "لەنێویاندا هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان" کرد بەشداری لە پرۆسەی سەرژمێریدا بکەن.
لەبارەی گرنگیی پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، گوتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە "سەرژمێری، بۆ دارشتنەوەی ستراتیژیی سیاسی، ئابووری و گەشەپێدانی عێراق گرنگی خۆی هەیە."
دوێنێ چوارشەممە، 20-11-2024، پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان لە عێراق، هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی سەر بە ماددەی 140 دەستی پێ کرد و تاوەکوو کاتژمێر 12:00ـی ئەمشەوی پێنجشەممە، 21-11-2024، بەردەوام دەبێت.