پارێزگار: کەس ناتوانێت هاووڵاتییەک بکاتە خەڵکی کەرکووک، ئەگەر کەرکووکی نەبێت
پارێزگاری کەرکووک دڵنیایی دەدات "هیچ کەسێک ناتوانێت هاووڵاتییەک بکاتە خەڵکی کەرکووک، ئەگەر کەرکووکی نەبێت." ئاماژە بەوەش دەدات، سەدا 80ـی هاووڵاتییان لە پرۆسەی سەرژمێریی تۆمار کراون.
پێنجشەممە، 21-11-2024، ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لەبارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان لە سنووری پارێزگاکە ساز کرد.
پارێزگاری کەرکووك داوای لە هاووڵاتییان کرد لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە، چونکە وەکوو خۆی گوتی: "مانەوەتان پرۆسەی سەرژمێریی سەرکەوتوو دەکات، کاری تیمەکانی سەرژمێریی ئاسانتر دەکات و بە مانەوەشتان لە ماڵەکانتان ڕووبەڕووی هەموو پرۆپاگەندەکان دەبنەوە."
وەکوو ئەوەی ڕێبوار تەها باسی کرد "پێشتر ژمارەی دانیشتووانی کەرکووک بە نزیکەی یەک ملیۆن و 350 هەزار کەس دیاری کراوە، بەڵام بە گوێرەی ئەم سەرژمێرییە بێت، ژمارەکە بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن و 900 هەزار کەس زیاد دەکات؛ ئەمەش بودجەی پارێزگاکە، پشکی پارێزگاکە لە دامەزراندن و بڕی وەرگرتنی کارەبای نیشتمانی زیاد دەکات. سەرباری هەموو ئەو بابەتانەی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە هەیە."
پارێزگاری کەرکووک ئەوەشی خستە ڕوو "لە دوێنێ چوارشەممەوە، 20-11-2024، نزیکەی سەدا 80ـی هاووڵاتییانی سنووری پارێزگاکە خۆیان لە پرۆسەی سەرژمێریی تۆمار کردووە، بۆیە مانەوەی هاووڵاتییان لە ماڵەکانیان بۆ تەواوکردنی پرۆسەکە بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە زۆر گرنگە."
ڕێبوار تەها دووپاتی کردەوە "هیچ کەسێک ناتوانێت هاووڵاتییەک بکاتە خەڵکی کەرکووک، ئەگەر کەرکووکی نەبێت، چونکە بەڵگەنامەکانی دەیسەلمێنن هاووڵاتییەکە کەرکووکییە یان نـە، پێویست ناکات هیچ کەسێک خۆی بەم بابەتەوە ماندوو بکات؛ من و باوکم ناسنامەیکمان هەیە، ئەو ناسنامەیە دیاری دەکات من خەڵکی چ شارێکم."
دوێنێ چوارشەممە، 20-11-2024، پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان لە عێراق، هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی سەر بە ماددەی 140 دەستی پێ کرد و تاوەکوو کاتژمێر 12:00ـی ئەمشەوی پێنجشەممە، 21-11-2024، بەردەوام دەبێت.