رووماڵ

بژمێرێکی کورد لە بەغدا: ژن هەیە دەڵێت بۆم لە ئایپادەکە سەیر بکەن بزانن مێردەکەم ژنی دیکەی نییە

بەغدا
بەغدا

بژمێرێکی کورد لە ناوچەی ساڵحیەی بەغدا دەڵێت: ژن هەیە دەڵێت: بۆم لە ئایپادەکە سەیر بکەن، بزانن مێردەکەم ژنی دیکەی نییە.

بێخاڵ، بژمێرێکی کوردە لە بەغدا، لە ناوچەی ساڵحەی بەغدا بۆ پەیامنێری کوردستان24 گوتی: دوێنێ شەو لە ماڵێک بووین شەڕیان لەسەر ئەوە بوو پیاوەکە دەیگوت  من سەرۆک خێزانم، ژنەکەش  دەیگوت من سەرۆک خێزانم، گوتمان کێشەکەتان یەکلایی بکەنەوە، دوایی دێینەوە لاتان.

دەشڵێت: چووینە ماڵێک کابرا سێ ژنی هەبوو، خۆی لەدایک بووی ساڵی 1974 بوو، دوا ژنی لەدایک بووی 2005 بوو، یەکێ لە ژنەکانی سێ منداڵی لە پیاوی دیکە هەبوو، هەمووشیان لە یەک ماڵ دانیشتبوون، شوێنی نیشتەجێبوونیشیان لەنێو ماڵە زۆر سادەکان بوو، بەڵام دیارە خۆیان ئەو ژیانەیان پێ خۆشە و هەڵیان بژاردووە.

دەڵێت: ژن هەیە دەستبەجێ پێم دەڵێت: مێردەکەم ژنی دووەمی هەیە، منی هەڵبژاردووە بۆیە لای من بینووسن، هەشە دەڵێت: من ژنە ئەسڵەکەم، ژنیش هەیە نازانێت کە مێردەکەی ژنی دووەمی هێناوە، ژنیش هەیە گومانی لە مێردەکەی هەیە و دەڵێت: تخوا بۆم بگەڕێن بزانن مێردەکەم ژنی دیکەی هێناوە، لەو ئایپادەتان تێیدایە مێردەکەم ژنی دیکەی هێنابێت؟

بێخاڵ گوتی: ژنێک پەیوەندیی پێوە کردم و گوتی من تۆراوم، بەڵام رۆژی هەینی دەگەڕێمەوە و کابرا دێتەوە دوام، رۆژی هەینی وەرنەوە ماڵی خۆم، لەوێ ناونووسم بکەن ناونیشانەکەتان بۆ دەنێرم.