سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بەشداریی مێپس2024 دەکات
پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (MEPS 2024) لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان – دهۆک بە سپۆنسەری مێدیایی کوردستان24، لە ڕۆژانی هەینی و شەممە بەڕێوە دەچێت.
کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە مێپس، سبەینێ لە زانکۆی ئەمەریکی کوردستان، لە دهۆک بە بەشداریی 124 ئەکادیمیست لە 40 وڵاتی جیاواز و، ژمارەیەک لە بەرپرسی حزبی و حکوومەتیی هەرێمی کوردستان و عێراق، دەست پێ دەکات و هەمووان لە دهۆک دەبن. کوردستان24 سپۆنسەری مێدیایی دەکات.
لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، هەر یەکە لە سەرۆک مەسعود بارزانی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و چەندان بەرپرسی دیکەی حکوومەتی و حزبی بەشداریی کۆڕبەندەکە دەکەن، هەروەها لەسەر ئاستی عێراقش، لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆمار، مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمان، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاریی ئاسایشی نیشتمانیی، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتر و عەلا ڕووکابی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بەشدارن.
لەبارەی کۆڕبەندەکەوە، د. هونەر عیسا، بەڕێوەبەری گشتیی کۆڕبەندی مێپس2024 بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەم کۆڕبەندە، بە هاوبەشیی لەگەڵ زانکۆکانی هارڤارد، کامبرێج، ئەتلەنتیک کاونسڵ، ویڵتۆن پارک و کرایسیس ڕیسپۆنس کاونسڵ بەڕێوە دەچێت."
کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کۆڕبەندێکی ساڵانەیە لە لایەن زانکۆی ئەمەریکی کوردستان لە دهۆک ڕێک دەخرێت، بۆ یەکەم جار لە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، ئەمساڵیش پێنجەمین کۆڕبەند بەڕێوە دەچێت و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.