سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی: هیوادارم کاربەدەستان سوود لە بۆچوون و بڕیارەکانی کۆڕبەندی مێپس وەربگرن

هەینی، 22-11-2024، پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس2024) لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە شاری دهۆک دەستی پێ کرد. مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش، گوتاری بەخێرهاتنی لە کۆڕبەندەکە پێشکەش کرد.

سەرۆک وەزیران لە گوتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد "هیودارام ئەم دوو ڕۆژە کە ئەم کۆڕبەندە لێرە ئەنجام دەدرێت، هەموو بۆچوون و ئەو بڕیارانەی لەم کۆڕبەندەدا دروست دەکرێن و قسەیان لەسەر دەکرێت، بخرێنە بەردەست بڕیاربەدەستان لە هەرێمی کوردستان، لە عێراق و لە ناوچەکە و سوود و مفای لێ وەربگرن."مەسرور بارزانی ئەوەشی خستە ڕوو "ئەمە پێنجەمین جارە کە ئەم کۆڕبەندە لە شاری دهۆک، لە ڕێگەی زانکۆی ئەمەریکی دروست دەکرێت، من دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی ئەم کۆڕبەندە دەکەم و هیوادارم ساڵ بە ساڵ بتوانین ئەم کۆڕبەندە درێژە پێ بدەین و باشتریشی بکەین". 

سەرۆک وەزیران باسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیشی کرد و ڕایگەیاند: "جێی خۆیەتی هەروەها من سوپاس و دەستخۆشی لە خەڵکی کوردستان بکەم بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پەرلەمانێکی سەرکەوتوو  لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە چەندین کێشە و گرفتدا تێپەڕ دەبێت، هیوادارام ئەنجامەکانی ئەم کۆڕبەندە لە خزمەتی هەموو خەڵکی عێراقدا بن، ئێمەش بتوانین سوودیان لێ وەربگرین." 

دەقی گوتاری سەرۆک وەزیران: 

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

رابەر و پێشەوامان جەنابی سەرۆك بارزانی

بەڕێز دكتۆر لەتیف رەشید، سەرۆك كۆماری عێراقی فیدڕاڵ

بەڕێز مەحموود مەشهەدانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی حكوومەتی فیدڕاڵ

بەڕێزان، سەرۆك وەزیرانی پێشووی كۆماری توركیا ئەحمەد داودئۆغلوو

بەڕێز سەرۆك وەزیرانی پێشووی كۆماری عێراقی فیدڕاڵ بەڕێز حەیدەر عەبادی

دیپلۆماتكارانی بەڕێز

ئەكادیمییانی بەڕێز

مێوانانی هێژا و قەدرگران
لە هەر كوێ هاتوون بەخێربێن سەر سەر و سەرچاومان، سەربەرزین بە ئامادەبوونتان لەم كۆڕبەندەی پێنجەمی (MEPS) لە زانكۆی ئەمریكی لە شاری جوانی دهۆك. هیوادارم ئەم دوو ڕۆژە كە ئەم كۆڕبەندە لێرە ئەنجام دەدرێ، هەموو بۆچوونەكان و ئەو بڕیارانەی لەم كۆڕبەندەدا دروست دەكرێن و قسەیان لەسەر دەكرێ، بخرێنە بەردەست بڕیاربەدەستان لە هەرێمی كوردستان، لە عێراق، لە ناوچەكە، سوود و مفای لێ وەربگرن.

ئەمە پێنجەمین جارە كە ئەم كۆڕبەندە لە شاری دهۆك لە ڕێگەی زانكۆی ئەمەریکی دروست دەكرێ، من دەستخۆشی لە ڕێكخەرانی ئەم كۆڕبەندە دەكەم، هیوادارم ساڵ بە ساڵ بتوانین ئەم كۆڕبەندە درێژە پێ بدەین و باشتریشی بكەین.

جێی خۆیەتی من دەستخۆشی لە زانكۆی ئەمریكیش بكەم، هەم بۆ ڕێكخستنی ئەم كۆڕبەندە، هەم بۆ ئەوەی كە لە كەمتر لە 10 ساڵدا ، دەستكەوتێكی نێودەوڵەتیش بەدەست بهێنێت، ئەویش بووەتە بەربژێر بۆ ئەوەی كە (accreditation neche) وەربگرێت. ئێستا بەربژێرە و ئەمە دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ ئەم زانكۆیە كە ئێستا تەمەنی تەنیا 10 ساڵە.

جێی خۆیەتی هەروەها سوپاس و دەستخۆشی لە خەڵكی كوردستان بكەم بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی سەركەوتوو لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە بە چەندین كێشە و گرفتدا تێپەڕ دەكات، هیوادارم ئەم كۆڕبەندە و ئەنجامەكانی ئەم كۆڕبەندە لە خزمەتی هەموو خەڵكی عێراقدا بن و ئێمەش بتوانین سوودیان لێ وەربگرین.